شاندی ئیمڕاڵی نوێترین پەیامی ئۆجەلان بڵاودەكاتەوە

کوردستان

37 خولەک پێش ئێستا‌ 276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی ئیمراڵی وردەکاریی دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوەو دەڵێت، ئۆجەلان وتویەتی، "پێویستمان بەئاشتییەکە کە پشت بەبنەمای گشتگیر ببەستێت".


دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو شاندەكە سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەیان كرد، شاندی ئیمراڵی لەڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد، دوێنێ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبونەتەوە.

لەدیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکە کراوەو جەخت کراوەتەوە کە ئەو سەردانە کاریگەریی ئەرێنی هەبوە لەسەر ڕەوتی پڕۆسەکە.

لەبەشێکی دیدارەکەدا ئۆجەلان باسی لەو لێدوان و کردارانە کردوە کە دژی پڕۆسەی ئاشتین و ڕایگەیاندوە،"لەهەموو پڕۆسەکاندا کاری تێکدەرانە دوبارە دەبنەوەو ئەمانە هاوشێوەی کودەتان".

شاندەکە دەڵێت، ئۆجەلان کارە تێکدەرانەکانی پڕۆسەکانی ڕابردووی وەبیر هێناوەتەوە و جەختی لەوە کردوەتەوە کە نابێت ڕێگە بەدوبارەبونەوەیان بدرێت.

ئۆجەلان نەخشەڕێگای بۆ قۆناغی ئێستا خستوەتەڕو و ڕایگەیاندوە،"پێویستمان بەئاشتییەکە کە پشت بەبنەمای گشتگیر ببەستێت".

وتوشیەتی، توندوتیژیی سیاسی و ڕێکاری دەرەوەی دیموکراسی دەبێت لەڕۆژەڤی تورکیا بچنە دەرەوەو دەتوانین بەم هەنگاوە بڵێین یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە".

ئۆجەلان پەیامی داوە کە ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە بەشداریکردنی کورد لەڕێگەی یاساییەوە لەناو کۆماری تورکیا کە پشت بەفراوانترین پێکەوەیی کۆمەڵایەتی دەبەستێت و خواستی پێکەوەژیان نیشان دەدات.







بەپەلە