ئه‌مریكا له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى هه‌سه‌ده‌و سوپاى سوریاوه‌ هاته‌ده‌نگ

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7868 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایدەگەیه‌نێت، یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا، "مەرجێکە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئەمنیی پێشبینیکراوترو سەقامگیرتر"، ده‌شڵێت، "له‌سێ بواردا وه‌ك کاری سەرەکی كارده‌كه‌ین".


براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەكاتى بەشداریکردنی لەکۆنفرانسێک لەبارەی سوریا کە لەپەیمانگه‌ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەواشنتۆن، ئاماژەی بەڕێککەوتنی یەکخستنی نێوان دیمەشق‌و هەسەدە کرد کە لە10ی ئاداری ڕابردودا واژۆکرا.
 
کوپەر جه‌ختیكرده‌وه‌، "واشنتۆن ئامادەیە پشتگیریی لەگفتوگۆ بەردەوامەکان بکات، لەوانەش دوایین خولی دانوستانەکان کە دیمەشق میوانداریی کرد".

ئه‌وه‌شى وت، "سەرکەوتنی یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا دەبێتە هۆی دروستبونی ژینگەیەکی ئەمنیی پێشبینیکراوترو سەقامگیرتر".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئه‌مریكاو سوریا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لەپاراستنی ئاشتیی‌و سەقامگیریی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

کوپەر سێ بواری کاری سەرەکی بۆ سێنتکۆم دیاریکرد، ئەوانیش، "ڕاوەدونانی گروپى تیرۆریستى داعش لەناو سوریادا، پشتگیریکردنی یەکخستنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریاو دڵنیابون لەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر".