لەبارەی بێسەروشوێنبونی هه‌شت كەسەكەوە قائیمقامی سنورەكە ڕونكردنەوە دەدات

کوردستان

28/12/2025‌ 4636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قائیمقامی قەزای سیدەكان لەبارەی بێسەروشوێنبونی هه‌شت كەسەكەی سنورەكەیەوە ڕونكردنەوە دەدات و دەڵێت، "سەرجەميان لەکوێستانەکان گیریانخواردوە پەیوەندییان پێوەکراوە".

ئیحسان چەلەبی قائیمقامی قەزای سیدەکان ڕایگەیاند، سەرجەم ئەوکەسانەی لەکوێستانەکان گیریانخواردوە ناسراون و پەیوەندییان پێوەکراوە، ڕەتیدەكاتەوە هیچ كەس بێسەروشوێن بێت.

قائیمقامی سیدەکان لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "هیچ کەسێک لەم سنورە بەهۆی بەفربارینەوە بێسەروشوێن نەبوە، ئەوەی هەیە 12 هاوڵاتییە کە کاری مەڕداری دەکەن و لەشەوی ڕابردوەوە لەسنوری (لۆڵان) ڕێگەیان لێگیراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، زانیاری تەواویان هەیە کە هەر 12 کەسەکە سەلامەتن و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوەیان.

ئیحسان چەلەبی ئاشکرایکرد، گروپێکی ديكه‌ى حه‌وت کەسی کە بۆ گەشت چونەتە ناوچەکە، لەنێوان گوندی (بێرکمە)و کوێستانەکانی (کێلەشین) گیریانخواردوە، تیمەکانيش لەهەوڵدان بۆ هێنانەخوارەوەیان و ڕزگارکردنیان لەو مەترسییەی بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لەو ناوچە شاخاوییە دروست بوە.

بەوتەی قائیمقامی سیدەکان، کۆی گشتيی ئەوکەسانەی لەشەوی ڕابردوەوە تائێستا بەهۆی بەفربارین و داخرانی ڕێگاکان لەناوچە کوێستانییە جیاوازەکانی سیدەکان گیریانخواردوە، دەگاتە 19 کەس و هەمویان لەژیاندا ماون و هەوڵی جددی بۆ فریاکەوتنیان لەئارادایە.

ئەمە لەكاتێكدایە، شەپۆلێكی باران و بەفر سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوەو هۆشداریشدەدرێت كە لەسبەینێوە بەفر لەناو سەنتەری شارەكان دەبارێت.