شارپرێس:
ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پارتى دیمو‌كراتى كوردستانیش بڕیاریداوه بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، ده‌نگ به‌كاندیدى لایه‌نێك نه‌دات، په‌رله‌مانتارێكى پارتیش ده‌ڵێت، "ئه‌مڕۆ كاتژمێر 10ى سه‌رله‌به‌یانى كۆبونه‌وه‌یه‌كمان ده‌بێت‌و دوا بڕیار له‌وباره‌یه‌وه وه‌رده‌گرین".
شێروان دوبه‌ردانى كاندیدى ده‌رچوى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌شارپرێس-ى وت، "پارتى كاندیدى خۆى بۆ پۆستى جێگرى دوه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق یه‌كلاكرده‌وه كه بریتیه له‌د.شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا كه هاوكات ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى حزبیشه".
دوبه‌ردانى جه‌ختیكرده‌وه، "وه‌كو پارتى دیمو‌كراتى كوردستان‌و به‌بڕیارى سه‌رۆك بارزانى، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاڵپشتى محه‌مه‌د حه‌لبوسى‌و هیچ كاندیدێكیشى ناكه‌ین‌و ده‌نگیش نه به‌خۆیى‌و نه به‌كاندیده‌كانیشى ناده‌ین، ئه‌وه یه‌كلابوه‌ته‌وه".
دوبه‌ردانى جه‌ختیكرده‌وه، "پارتیمان وه‌فدێكى بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان پێكهێناو وه‌فده‌كه له‌به‌غدا سه‌ردانى ته‌واوى لایه‌نه سیاسییه‌كانى كرد، به‌ڵام هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌یى‌و خودى محه‌مه‌د حه‌لبوسیش ئه‌نجامنه‌دا، كه‌واته هه‌ڵوێستمان ڕونه له‌به‌رامبه‌رى".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئاخۆ پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌نگ به به‌ره‌كه‌ى دیكه‌ى سوننه‌كان ده‌دات كه موسه‌ننا سامه‌ڕائیى‌و ژماره‌یه‌ك له‌كاندیده ده‌رچوه‌كانى خودى خه‌میس خه‌نجه‌ریشى له‌گه‌ڵدا كه خه‌میس بۆخۆى پشتیوانى حه‌لبوسى‌و كاندیده‌كه‌ى ڕاگه‌یاندوه، دوبه‌ردانى وتى، "تا ئه‌م كاته بڕیاره‌كه بۆ ئێمه به‌و شێوه‌یه‌یه كه پشتیوانى حه‌لبوسى‌و كاندیده‌كانى نه‌كه‌ین، ئیتر چاوه‌ڕوانى كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى فراكسیۆنه‌كه‌مان ده‌كه‌ین پێش كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، له‌وێ هه‌ر بڕیارێكى نوێ بدرێت، ئه‌وه جێبه‌جێى ده‌كه‌ین".
ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراق به‌به‌شداریى سه‌رجه‌م كوتله‌و فراكسیۆنه براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
