لەبارەی كۆگاكردنی ئاوەوە زانیاری دڵخۆشكەر ئاشكرادەكرێت

کوردستان

29/12/2025‌ 3264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لەهەرێمی کوردستان ئاماری دواین ڕێژەی بارانبارین و لافاوی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بەڕێژەیەکی بەرچاو داهاتی ئاو لەسەرچاوەکانەوە زیادیان کردوەو ئاستی کۆگاکردنی ئاو لەبەنداوەکان بۆ 100 ملیۆن مەترسێجا بەرزبوەتەوە.

 

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تەنیا لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوداو بەکاریگەریی ئەم شەپۆلە، لەهەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زیاتر لە 100 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاو کۆگاکراوە. 

لەسەر ئاستی بەرزیی ئاویش، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 85 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخان 60 سانتیمەتر بەرزبوەتەوە، هاوکات لەبەنداوی گۆمەسپان ئاستی ئاو 60 سانتیمەتر و لە بەنداوی دهۆکیش 16 سانتیمەتر زیادی کردوە.

سەبارەت بەبەنداوە بچوکەکانی سنوری گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی داوە کە سەرجەمیان بەسەلامەتی شەپۆلی لافاوەکەیان تێپەڕاندوە.

ئاشكراشكراوە، كە زۆربەی بەندا بچوکەكان پڕبون لەئاو و ئەوانی دیکەشیان بڕێکی زۆر ئاویان تێدا کۆگاکراوە و ئاستیان بەرزبوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان ئاماژەی بەوە کردوە کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ ڕۆژانی داهاتوش بەردەوام دەبێت و داهاتی ئاو بۆ بەنداوە گەورەکان زیاتر دەکات. بەمەش هەرێمی کوردستان بەکەشێکی تەڕو دۆخێکی باشی ئاوییەوە پێ دەنێتە ساڵی نوێوە.