شارپرێس:
رۆژنامەکە دەڵێت: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، حکومەتی ناوەندیی عێراق لەم دواییانەدا بنکەیەکی زانیاریی وردی دەربارەی گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکان پێگەیشتووە، کە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەکانەوە کۆی کردوونەتەوە.
ئەم ئەرشیفە زانیاریی زۆر ورد لەسەر سەرکردایەتیی ئەم گرووپانە، پێکهاتەی سەربازی، تۆڕە داراییەکان و دامەزراوە حکومییەکانیان لەخۆدەگرێت. قەبارە و وردیی ئەم زانیارییانە بەرپرسانی عێراقی تووشی سەرسوڕمان کردووە و وەک هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەگەری هێرشێکی سەربازیی نزیکی ئیسرائیل لێکدەدرێتەوە.
ئەوەش هاتووە: پێشتر وڵاتێکی عەرەبیی دۆست بەغدای ئاگادار کردۆتەوە کە ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی یەکلایەنە لە عێراق. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی ئارامیی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە لێشاوی کۆنترۆڵنەکراوی چەک بۆ ناو خاکی عێراق.
لەبەشێکی تری راپۆرتەکەی رۆژنامە رووسییەکەدا هاتووە: میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا ناکۆکی لە نێوان لایەنە شیعەکاندا هەیە سەبارەت بە میکانیزمی چەکدانان و ئەو لایەنە حکومییەی کە سەرپەرشتی گواستنەوەی کۆگاکانی چەک دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ چەکدانان تەنها هەنگاوێکی سیاسییە و ئامانج لێی مسۆگەرکردنی بەشداریی ئەم لایەنانەیە لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی داهاتوودا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی