شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەهاتنی شەپۆلێکی بەفربارینو نزمبونەوەی پلەکانی گەرما دەکات.
لهڕاگهیهنراوێكدا، بەڕێوهبەرایەتیی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی ڕایگەیاندوه، ئاسمان لەنێوان ساردو نیمچە هەور دەبێت، پاشان لەدوای نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، پێشبینیدەکرێت شەپۆلێکی بەفربارین ڕوو لەم ناوچانە بکات (سنووری پارێزگای دهۆکو ئیدارەی زاخۆ، ناوچەکانی مێرگەسورو ئامێدى، سنوری ئیدارەی سۆرانو بەشێک لەئیدارەی ڕاپەڕین، چیای سەفین لەپارێزگای هەولێر)، ئەگەری بارینی نمەبارانی تێکەڵاو لەسەر ناوچە جیاجیاکانی دیكهى هەرێم هەیە.
سهبارهت بهسبهینێ پێنجشەممە كه یهكهم ڕۆژى ساڵى نوێیه، ڕاگهیهنراوهكه دهڵێت، "ئاسمانی هەرێم بەهەوری تەواو دەمێنێتەوەو کاریگەریی شەپۆلی بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، زاخۆ، مێرگەسور، ئامێدی، سۆران، ڕاپەڕینو چیای سەفین بەردەوامدەبێت".
ئهوهش هاتوه، "لەزۆربەی ناوچەکانی دیكهى هەرێم نمەبارانو بارانی مامناوەند دەبارێت، لەکاتەکانی شەویشدا لەهەندێک شوێن بارانەکە دەگۆڕێت بۆ کرێوە".
سەبارەت بەپلەکانی گەرما ئهوه باسكراوه، "پێشبینیدەکرێت بەگشتیی 2 بۆ 4 پلە بەرزببنەوە، تەنها لەناوچە شاخاوییەکانو پارێزگای دهۆک نەبێت کە وەک پلەکانی ئەمڕۆ بهنزمى دەمێننەوە".
