هەسەدە گورزێکی بەهێزی لە گروپه چەکدارەکانی سوریا وەشاند

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1501 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانمان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک بەنداوی تشرین دایەوە.

هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەپەرەسەندنێکی مەترسیدار و درێژەدان بە سیاسەتی ناسەقامگیرکردنی ئاسایش، گروپەکانی سوڵتان موراد، سوڵتان سلێمان شا، و حەمزات کە سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشقن، ئەمڕۆ سێشەممە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، ناوچەی نیشتەجێبوونی دەوروبەری بەنداوی تشرینیان کردە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی لە نێو هێزەکانماندا نەبووە.

دەشڵێت، کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، هەمان گروپ هێرشەکانیان نوێکردەوە و بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی دیکە گردی سیریاتێلیان لە نزیک بەنداوی تشرین کردە ئامانج، دیسانەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

هەروەها هەسەدە ڕونیکردەوە، لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە دووبارەبووەوە، هێزەکانمان هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ڕەوا و ڕاستەوخۆیان بۆ سەر شوێنی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکان ئەنجامدا. ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تۆیۆتا و پێگەیەکی سەربازی سەر بە گروپەکان کرانە ئامانج و زیانی گیانی پشتڕاستکراوەی لێکەوتەوە.