داوای کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتییەکان دەکرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:٫
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە فراکسیۆنی  ئیشراقەی کانون لەپەرلەمانی عێراق داوای کەمکردنەوەی مووچەی هەرسێ سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی کرد بۆ ئەوەی پەیامی دڵنیایی بۆ گەلی عێراق بنێرن.

ئەحمەد مەجید ئەندامی فراکسیۆنەکە،  لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەندامانی پەرلەمان دەبێت چەند یاسایەک چالاک بکەن، دیارترینیان "ئەمەتان لە کوێوە هێناوە؟" هەروەها  چاوخشاندنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بۆ ناردنی پەیامێکی ڕاستەقینە بۆ گەلی عێراق کە پەرلەمان بەڕاستی نوێنەرایەتیان دەکات.


ئاماژەی بەوەشکرد، " داوا دەکەین لایەنە سیاسییەکان پابەندبن بە هێڵە کاتییە دەستوورییەکان و حکومەت پێکبهێنن و وەزیری کارامە و بێلایەن بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵبژێرن".

ڕۆژی 15ی کانونی یەکەم، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری  ئابووری، داوایکد "پێداچوونەوەیەکی بەپەلە بە دەرماڵە و مووچەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە، و کارکردن بۆ هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی سەرجەم فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ فەرمانبەرانی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق بکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت”.

هەروەها سودانی ڕێنمایی لیژنەی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پلاندانانی کردووە "ڕاپۆرتی یەکخستنی پێوەرەکانی مووچە بۆ سەرجەم فەرمانبەران نوێ بکەنەوە و ئەو ڕاسپاردانەی لەو بارەیەوە پێشکەش کراون پەسەند بکەن".

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین داواکاری لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان و سیاسەتمەداران و هاوڵاتیانەوە کراوە بۆ هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچە.