دەربەندیخان – شارپرێس
بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی لۆد لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان ڕایدەگەیەنێت کە تەنها لەم مانگەدا ١١ محاویلەی کارەبا سووتاون و لە ئێستاشدا هیچ محاویلەیەکی یەدەگ لە کۆگاکانیاندا نەماوە.
زیانەکان و ناوچە زیانلێکەوتووەکان
باست عەزیز، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند: "لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی سەرما و باری زۆری سەر تۆڕەکان، دوو محاویلەی ٤٠٠ کەی ڤی و چەندین سێت لینک فیوز و سیتی (CT) سەرپێوەرەکان سووتاون. هەروەها هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ناوچەکانی (ژاڵەناو، دێوانە، باخۆشێن، شەمێران، چنارە و ئەحمەد بڕندە) تووشی پچڕان بوون."
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ناوەندی شاری دەربەندیخانیش، گەڕەکەکانی (کانی توو، شارەوانی و خێڵان) بەهۆی سووتانی جەمپەر و کێشەی تەکنیکییەوە تووشی بڕانی کارەبا بوون، بەڵام تیمەکان بەردەوامن لە چاککردنەوەیان.
بەڕێوەبەری کارەبای دەربەندیخان ئاشکرای کرد کە قەیرانی سووتانی محاویلەکان لەم زستانەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک لە مانگی ١١دا ٧ بۆ ٨ محاویلە سووتاون، بەڵام تەنها لە مانگی ١٢دا تا ئێستا ١١ محاویلە لەکار کەوتوون. وتیشی: "لە ئێستادا ڕەسیدی محاویلەمان لە کۆگا گەیشتووەتە سفر و بۆ ڕاییکردنی ئیشەکان پەنامان بۆ قەرزکردن لە ناوچەکانی تر بردووە."
هەوڵەکانی تیمەکانی چاکسازی
لە گەرمەی ئەم قەیرانەدا، چوار تیمی چاکسازی (هۆبەی ١ و ٢) بە شەو و بە ڕۆژ لە ئەرکدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان. باست عەزیز وتی: "تیمەکانمان بەردەوام لە مەیدانن بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا کارەبا بۆ هاووڵاتیان بگەڕێننەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری کارەبای دەربەندیخان داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت: "تکایە لە کاتی هاتنەوەی کارەبا، بۆ ماوەی ٢ بۆ ٣ سەعات ئامێرە قورسەکان و گەرمکەرەوەکان بەکار مەهێنن. ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی محاویلەکان بەرگەی ئەو فشارە زۆرە بگرن و نەسووتێن، چونکە ئەگەر محاویلەیەک بسووتێت، بەهۆی نەبوونی یەدەگەوە، دانیشتووانی ئەو گەڕەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بێ کارەبا دەبن."