شارپرێس:
ئێوارەی ئەمڕۆ عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە کە پەرلەمان کار بۆ دەرکردنی یاسا وەستاوەکان دەکات.
لەیەکەم کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا لەدوای ھەڵبژاردنیەوە، عەدنان فەیحان ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەین بەبۆنەی تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ھەڵبژاردن کە مانگی ڕابردوو ئەنجامدرا، ئەمڕۆ یەکەم دانیشتن ئەنجامدرا، ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی ھەڵبژێردران".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ڕێژەی زۆری دەنگدەرانە، ئەم خولەی پەرلەمان هیوا و گەشبینی لە عێراقییەکان دەچێنێت، سوپاسی ئەندامانی پەرلەمان دەکەین بۆ پابەندبوون بە وادەی دەستووری و ئەنجامدانی یەکەم دانیشتن. ئەمە دەستکەوتێکی بەرچاوە بۆ پەرلەمان".
فەیحان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەین کە ڕۆڵی چاودێریی خۆمان بە شێوەیەکی کاریگەرانە بگێڕین و پاڵپشتی بەرنامەی حکومەت بکەین بە شێوەیەک کار بکات لە بەدیهێنانی هەموو بەرژەوەندییەکانی گەل، لەوانەش پاراستنی سەروەری نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی.