شیعه‌كان عێراق ڕوبه‌ڕوى مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چوارچێوەی هەماهەنگیی (لایه‌نه‌ شیعیه‌كان) جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، یەکەم یاسا لەخولی شه‌شه‌مى پەرلەمانى عێراق كه‌ ده‌بێت کاری لەسەربکرێت، یاسای حەشدی شەعبی دەبێت، دوو په‌رله‌مانتارى دوو هاوپه‌یمانى جیاوازى ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كه‌ن.


فالح سەیھود پەرلەمانتاری سەر بەهاوپەیمانی فه‌تح له‌چوارچێوەی هەماهەنگیی وتویه‌تى، "په‌رله‌مانى عێراق ڕاستەوخۆ دوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دوەمی سەرۆکی په‌رله‌مان، دەستدەکات بەدابەشکردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنە هەمیشەییەکاندا.

سەیهود ئاماژەی بەوەشکردوە، به‌گوێره‌ى ڕێکارەکان، سەرۆکایەتیی لیژنەکان بۆ بەتەمەنترین ئەندامانی ناو لیژنەکان دەبێت.

سەیھود ڕونیکردوه‌تەوە، خولی داهاتوی پەرلەمان کۆمەڵێک یاسای گرنگ‌و دواخراوی خولەکانی پێشوو دەخاتە پێشینەی کارەکانییەوە، لەگرنگترین ئەو یاسایانەش کە بڕیارە گفتوگۆیان لەسەربکرێت‌و پەسەندبکرێن، بریتین لە(یاسای پێکهاتەی حەشدی شەعبی، یاسای ڕاژەی فیدراڵی، یاسای پلەبەندی موچەو یاسای نەوت‌و گاز).

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، چەندین پڕۆژەیاسای دیکە هەن کە لەقۆناغی کۆتایی دەنگداندان‌و لەم خولەدا کاریان لەسەردەکرێت بۆ ئەوەی یەکلایی بکرێنەوە.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئەبو توراب ته‌میمی په‌رله‌مانتارى عێراق لەفراكسیۆنی هاوپەیمانی بەدر لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "مەبەستی بونمان لەپه‌رله‌مان، ته‌نها لەپێناو یاسای حەشدی شەعبییە".

ده‌شڵێت، "ئێمە لەپەرلەمانی عێراق خۆمان ئامادەكردوە بۆ دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی‌و سورین لەسەر ئەو بابەتەو گوێ‌ بەفشاری دەرەكی نادەین".

به‌وته‌ى ئەبو توراب ته‌میمی، "ئێمە وەك فراكسیۆنی بەدر لەپێشینەی كارەكانمان تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبییە".

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەفشاری دەرەكی‌و بەتایبەت ئەمریكا، داوای هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكانی ناو عێراق دەكرێت‌و چه‌ندینجاریش واشنتۆن ڕاسته‌وخۆ هۆشداریداوه‌ به‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانى عێراق له‌تێپه‌ڕاندنى ئه‌و یاسایه‌ى تایبه‌ته‌ به‌حه‌شدى شه‌عبى.

چاودێرانیش بۆچونیان وایه‌، ئه‌گه‌ربێت لایه‌نه‌ شیعیه‌كان هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ بده‌ن‌و گوێ به‌فشاره‌كانى واشنتۆن له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌ده‌ن، عێراق ڕوبه‌ڕوى مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن‌و په‌لكێشى ناو قه‌یرانێكى قووڵى سیاسیى‌و داراییشى ده‌كه‌نه‌وه‌.