پارتی هەڕەشەیەکی توندی بۆ یەکێتیی ناردو سەرکردایەتی یەکێتیش لەخولەکەکانی کۆتاییدا فریای خۆی کەوت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی لەدوو خولی هەڵبژاردنی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێرقدا کاندیدی پارتی شکستیهێناو نەیتوانیی پۆستەکە بباتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیکرد بەجوڵەی سیاسیی گەورە بۆ وەرگرتنی پۆستەکەو پەیامێکی توندیشی لەڕێگەی یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی شیعەوە، بۆ یەکێتیی نارد.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیاریانەی دەست شارپرێس کەوتون، پارتی دوای ئەوەی کە بۆی ڕونبوەوە یەکێتیی لەڕێگەی فراکسیۆن‌و میدیاو سەرکردەکانییەوە، پشتیوانیی لەد.ڕێبوار کەریم دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستى جێگرى دوه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، زۆر نیگەران بوەو لەدوای خولی یەکەم‌و دوەمی هەڵبژاردنەکە پەیامێکی توندی لەڕێگەی یەکێک لەسەرکردە دیاره‌كانى شیعەوە بۆ سەرکردایەتی یەکێتیی ناردوە.

شارپرێس زانیویه‌تى، له‌و په‌یامه‌دا پارتى بۆ یه‌كێتیى وتویه‌تى، "ئەگەر بۆ خولی سێیەمی هەڵبژاردنەکە پشتیوانیی کاندیدی پارتی نەکەن، ئەوا بە هیچ شێوه‌یه‌ك چاوەڕوانى وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارو نەرمی نواندنی پارتی نەبن بۆ ئەو پۆستە".

زانیاریەکانی شارپرێس ئاماژە بەوەدەکەن، پەیامەکەی پارتی لەسەر ئاستی باڵا گەیەنراوەتە یەکێتیی‌و لەماوەی سێ کاتژمێردا، یەکێتیش گفتوگۆی بابەتەکەی کردوەو ڕای بەشێک لەسەرکردەکانی حزبەکەی وەرگرتوە کە ئاخۆ پشتیوانی کاندیدی پارتی بکەن یان هەروەک ڕۆژی ڕابردوو دەنگبدەن بەڕکابەرەکەی کاندیدی پارتی.

سه‌ره‌نجامیش، ڕای زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەبوە، "پێویست ناکات بۆ پۆستێک کە بۆ یەکێتیی نابێت‌و یەکێتیی هیچ سودی لێ نابێنێت، خۆیان بخەنە بەردەم ململانێیەکی توندەوە لەگەڵ پارتی‌و بڕیاری پشتیوانی کاندیدەکەی پارتییانداوە.

سەرچاوەکانی شارپرێس ئاماژە بەوەدەکەن، ڕاستەوخۆ لەگەڵ بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتیی بۆ پشتیوانی لەکاندیدەکەی پارتی، سەرجەم میدیای یەکێتیی ئاگادارکراوە کە ڕوماڵەکانیان بەجۆرێک بێت کە پشتیوانییەکە زۆر زه‌قبکرێتەوە وەک بەشێک لەهەوڵەکانی یەکێتیی بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە بۆ پارتی ڕوماڵی بکەن نەک تەنها وەک پشتیوانیی، ئەم پەیامەش زۆرباش لەمیدیای ئەو حزبەدا ڕەنگیدایەوەو بەشێک لەمیدیای فەرمی‌و نافەرمی یەکێتیی، بافڵ تاڵەبانیان وەک کاراکتەری بەدەستهێنانی پۆستەکە بۆ پارتی ناساند.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لەپەیامەکەی پارتیدا بەڕونی ئەوەهاتوە، "دەبێت یەکێتیی بەئاشکراو بێ دوو دڵی، سەرجەم پەرلەمانتارانی پابەندبکات بەدەنگدان‌و بۆ ڕای گشتیشی ئاشکرابکات کە پشتیوانیی کاندیدەکەی پارتی دەکات".

هەربۆیەش لەخولەکەکانی پێش دەستپێکی خولی سێیەمی هەڵبژاردنەکەوە، هەرێم کەمال ئاغا پەرلەمانتاری ئەو حزبە لەمیدیای پارتییەوە ئاشکرایکرد، دەنگ بەکاندیدی پارتی دەدەن‌و بافڵ تاڵەبانیش وەک یەکەم کەس‌و تەنها دوای چەند خولەکێک، پیرۆزبایی لەفەرهاد ئەتروشی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

بەپەلە