شارپرێس:
ئاسمان بۆ ئه‌مریكاو زه‌مینیش بۆ هێزێكى كوردى‌و مۆسادى ئیسرائیل.. ئه‌مه ورده‌كاریى ڕ‌اپۆرتێكى (الخلیه التكتیكیه)یه كه ورده‌كاریى به‌ئامانجگرتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێرانى ئاشكراكردوه‌و چه‌ند نهێنیه‌كى له‌باره‌ى سه‌ره‌تاى هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ئامانجگرتنى سوله‌یمانى باسكردوه‌و جه‌ختیشده‌كاته‌وه، سوله‌یمانى توانیویه‌تى، زۆرینه‌ى هه‌وڵه‌كان شكستپێبهێنێت، به‌ڵام هێزه كوردیه‌كه‌ى بۆ نه‌بڕدراوه‌و نه‌یتوانیوه سه‌ركه‌وتوبێت.
قاسم سولەیمانی یەکێکبوو لەکەسایەتییە سەربازییە کاریگەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و به‌ئامانجگرتنی ئەویش، له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو ئیسرائیله‌وه به‌سەرکەوتنێکی گەورە ناوبرا بۆ لێدان له‌به‌ره‌ى ئێران‌و سه‌ركه‌وتنى دژبه‌رانى ئه‌و وڵاته له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، ئیسرائیل زیاتر لەجارێک هەوڵی تیرۆرکردنی سوله‌مانى داوه، دوایینیان لەساڵی (2015 ـ 2016) بوه ئه‌وكاته‌ى له‌سوریا بوه، مۆساد هەموو شتێکی بۆ به‌ئامانجگریتنى لەدیمەشق ئامادەکردبوو، بەڵام بەدوو هۆکار ئەنجامنەدرا: یەکەمیان ترس لەبەشداریکردنی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران‌و دوەمیش ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەوکاتەدا، ئه‌مه‌ش وایکرد، ئیسرائیل بەهۆی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015وە تیرۆری بکات، هەموو ئەمانە کاتێک گۆڕا کە ترەمپ هاتەسەر دەسەڵات.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، دەزگاى هەواڵگریی ئیسرائیل لەنزیکەوە چاودێری سولەیمانییان دەکرد لەکاتی چالاکییەکانی لەسوریا، بەتایبەتی لەڕێگەی بەکارهێنانی بەردەوامی ئامێرە بێته‌له‌كانه‌وه (HYTERA) کە لەچین دروستکراون، له‌گه‌ڵ لاپتۆپەکەی كه له‌جۆرى (HP78X) بوو، ئەوانه بەلاوازی ئاسایشی بێته‌ل ناسراون، بەتایبەتی لەناوچەیەکدا کە چاودێرییەکی توندی لەسەرە، وەک سوریا، هەروەها چاودێری ژمارە تەلەفۆنەکانیشی دەکرد.
باس له‌وه‌شكراوه، لەکاتی ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەخانە، ئیسرائیل لەچەند کاتژمێرەکانی پێش به‌ئامانجگرتنیدا، زانیاریى له‌باره‌ى سێ ژمارەی مۆبایلی سوله‌یمانى به‌ئه‌مریكا داوه، هەروەها لەکاتی بەردەوامبونی ئۆپەراسیۆنەکەدا، زانیاری‌یان بەسوپای ئەمریکاش داوە، هێزەکانی ئەمریکا لەزەمینی‌و ئاسمانییەوە چاودێری سولەیمانییان دەکردو ئەفسەرانی پەیوەندییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانی ئەمریکا لەتەلئەبیب لەگەڵ ئیسرائیلییەکان کاریاندەکرد بۆ بەدواداچونی تەلەفۆنەکانی ئەو فەرماندە ئێرانییە.
ئه‌وه‌ش هاتوه، "لەشەش كاتژمێرى پێش هێرشەکە، سولەیمانی سێ‌جار مۆبایلەکەی گۆڕیوه، ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی ئیسرائیل بەشارەزایانی هەواڵگریی سیگناڵە ئەمریکییەکان لەبەغدا داوە، ڕێگەیان پێداون شوێنپێی مۆبایلێک بگرن کە ژەنەراڵەکە بەکاریدەهێنا کاتێک بەفڕۆکە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کەمێک دوای نیوەشەوی 3ی كانونى دوه‌مى 2020".
ئه‌و ڕاپۆرته كه تایبه‌ته به‌ساڵڕۆژى به‌ئامانجگرتنى قاسم سوله‌یمانى زانیارییه‌كى وردى له‌باره‌ى هاوكاریكردنى وڵاتێكى كه‌نداوه‌وه ئاشكراكردوه به‌بێئه‌وه‌ى ناوى بهێندرێت، ده‌ڵێت، "ئیسرائیل پێشتر زانیاری هەواڵگریی پێشکەش بەئەمریکا کردبوو لەکاتێکدا سەرنجی لەسەر سولەیمانی بوو، سی ئای ئەی لەگه‌ڵ وڵاتێكى عه‌ره‌بى كه‌نداو هه‌ماهه‌نگى كردوه کە ئه‌و وڵاته مۆبایلێكى تایبه‌تى به‌سوله‌یمانى داوه، ئه‌و مۆبایله‌ش به‌ئامێره سیخوڕییه‌كان ته‌یاركرابوو".
له‌درێژه‌ى ئه‌و زانیارییه‌دا ڕاگه‌یه‌نراوه، "ئه‌گه‌رى زۆره ئه‌و وڵاته‌ى هاوكاریى ئه‌مریكاو ئیسرائیلى كردبێت قه‌ته‌ره، به‌ڵام پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌و مۆبایله‌ى دراوه به‌سوله‌یمانى، لەلایەن کەسێکەوە بەکارهێنراوه کە زۆربه‌ى كاته‌كان لەگەڵ سولەیمانی، ژورێکی هاوبەشیان هەبوه، بەڵام سولەیمانی‌و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی ئێران كه زۆرجار تەلەفۆنیان گۆڕیوه، بۆیه به‌هه‌مانشێوه، ئه‌و مۆبایله‌ش گۆڕدراوه‌و بەوەش تاکتیکەکە تەنها بۆ ماوەیەکی کاتیی سەرکەوتوبوه‌و لەکۆتاییدا شکستیهێناوه".
هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا باس له‌كاتى پێش ڕۆیشتن لەدیمەشق كراوه‌و ده‌ڵێت، "هەواڵگریی ئەمریکا زانیاری وردی لەسەرچاوەکانی فڕۆکەخانەوە سەبارەت بەسواربونی ژەنەراڵەکە لەفڕۆکەکە وەرگرتوە، لەوانە جۆری فڕۆکەی (Airbus A320)، هێڵی ئاسمانی (Cham Wings)، کاتی ڕۆیشتنی فڕۆکەکەو ژمارەی دەوروبەرەکەی، دواتر سه‌رجه‌م ئه‌و وردەکاریانە لەلایەن مۆسادەوە پشتڕاستکرایەوە".
ساته‌وه‌ختى به‌ئامانجگرتنى له‌به‌غدا به‌وردى باسكراوه‌و ناوى هێزێكى دیارى كوردیش هێنراوه كه ڕۆڵى سه‌ره‌كیى بینیوه له‌به‌ئامانجگرتنى سوله‌یمانیدا، وه‌ك له‌زانیارییه‌كاندا هاتوه، "سێ تیمی قەناس بەدەستی هێزی ده‌لتای ئەمریکیى، چاودێریی هەموو جوڵەیەکی سولەیمانییان دەکرد لەکاتی دابەزینی لەفڕۆکەکەى، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیش بەئاسمانەوە دەسوڕانەوەو ئەندامانی هێزێكى دیاریى کوردیش، له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌و نزیك ئۆتۆمبێله‌كه‌ى سوله‌یمانى بونه‌و زانیاریى‌و سیگناڵى وردیان به‌درۆنه‌كانى ئه‌مریكا داوه".
زیاتر له‌باره‌ى هێزه كوردیه‌كه‌و ساته‌وه‌ختى به‌ئامانجگرتن‌و وێنه‌گرتنى سوله‌یمانى له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه زانیاریى وردتر بڵاوكراوه‌ته‌وه كه له‌ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ، به‌ڵام له‌ساڵى 2020 ئه‌نجامدرا، به‌مشێوه‌یه بوه، "ئه‌و هێزه كوردیه كه له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا بڵاو ببونه‌وه، ئەوەندە نزیکبون، ته‌نانه‌ت یەکێکیان جلوبه‌رگى هێزى پارێزگاریى له‌فڕۆكه‌خانه پۆشیبوو، ئه‌وكه‌سه یارمەتی‌و ڕێنماییکردنی درۆنه‌كانى ئه‌مریكاى له‌ئه‌ستۆ بوه‌و ئه‌وانى دیكه‌شیان، وا خۆیان نیشاندابوو کە تیمى پارێزگاریى له‌سوله‌یمانین، هه‌ر ئه‌و هێزه‌ش بون توانییان یه‌كه‌م وێنه بگرن‌و بیده‌نه‌وه به‌درۆنه‌كانى ئه‌مریكاو بەشێوەیەکی فه‌رمیى ناسنامەی سولەیمانی پشتڕاستبکەنەوە، پێشئەوەی سولەیمانى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى بگۆڕێت".
هه‌ر له‌و ڕوه‌وه ڕاپۆرته‌كه گێڕاویه‌تیه‌وه، "دوای ماوەیەکی کەم لەجێهێشتنی کاروانەکە لەفڕۆکەخانە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaper دوو موشەکی Hellfireی ئاراستەی ئه‌و ئۆتۆمبێلە كرد كه له‌لایه‌ن هێزه كوردیه‌كه‌وه دیاریكرا سولەیمانی تێدایه‌و موشه‌كى سێیەمیش ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکەی دیکە کرا كه ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس‌و چه‌ند كه‌سێكى دیكه‌ى تێدابون‌و هەردوو ئۆتۆمبێلەکەش بەتەواوی سوتێندران".
ده‌وترێت، "دوای هێرشەکە، کارمەندێکی هێزه كوردیه كه ئه‌وه‌یان جلوبه‌رگى پۆلیسی له‌به‌ركردبوو، چوه‌ته‌سه‌ر كاروانى ئۆتۆمبێله سوتاوه‌كان‌و وێنەیگرتوه‌و پێشئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنى دیاریكراوى خۆى، نمونەی شانەی بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی وەرگرتوه".
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا باس له‌ترسى ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆ كاردانه‌وه‌ى ئێرانیش كراوه، ده‌ڵێت، "دوابەدوای هێرشەكه، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا له‌جۆرى F/A-18 Super Hornet، بەئاسمانی بەغدادا فڕیون‌و کەشتییە دەریاییەکانیش لەکەنداو خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، هاوكات بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیلیش كه هێشتا هیچكه‌س له‌باره‌ى ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه هیچى نه‌ده‌زانى، پێشئه‌وه‌ى بەرەو ئەسینای پایتەختى یۆنان بەڕێبکەوێت، ى وت، "شتێکی زۆر كاریگه‌ر لەناوچەکەدا" ڕوده‌دات".
له‌كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى زۆر به‌وردى له‌زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كاندا باس له‌ڕۆڵ‌و كاریگه‌ریى هێزه كوردیه‌كه كراوه، به‌ڵام خودى ئه‌و هێزه چه‌ندینجار ڕه‌تیكردوه‌ته‌وه هیچ به‌شدارییه‌كى له‌و ئۆپه‌راسیۆنه ئاسمانى‌و زه‌میینیه‌دا بۆسه‌ر قاسم سوله‌یمانى كردبێت، به‌ڵام "سەرچاوە ئیسرائیلی‌و ئەمریکییەکان له‌چه‌ندین شوێندا به‌وردیى باسیانكردوه‌و پشتڕاستیانكردوه‌ته‌وه".