ئه‌و چوار فیرقه‌یه‌ى شه‌رع په‌لامارى كوردى پێدا هه‌مویان له‌لیستى سزادراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندان

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماوه‌ى دوو ڕۆژه‌ هێرشى گروپه‌ فه‌رمیه‌كانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریا، بۆسه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانى شارى حه‌له‌ب به‌رده‌وامه‌، شه‌وى ڕابردوو هێرشه‌كان زیاتر چڕكرانه‌وه‌و به‌بڕیارى شه‌رع، چوار فیرقه‌ به‌شدارییان له‌و په‌لامارانه‌دا كردوه‌، ئاسایشى كورد زانیاریى ئاشكراده‌كات‌و ده‌ڵێت، "سه‌رجه‌م ئه‌و فیرقانه‌، له‌لیستى سزادراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندان".


ئاسایشى كورد له‌شارى حه‌له‌ب زانیاریى وردى له‌باره‌ى په‌لاماره‌كانه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لەشێخ مەقسودو ئەشرەفیەو به‌نى زه‌ید، لەلایەن گروپه‌ سزادراوه‌ نێودەوڵەتیه‌كانه‌وه‌، تاوانێکى مرۆییه‌و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیشه‌".

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "گرتە ڤیدیۆییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو فراکسیۆنانەی هێرش دەکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، هەمان ئەو لایەنانەن کە تێوەگلاون لە کۆمەڵکوژییە بەڵگەدارەکانی سوەیدەو کەناراوەکانی سوریا".

ئاسایش ته‌ئكیدیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەو گروپانه‌ بەهۆی مێژوی دورودرێژی پێشێلکارییە قورسەکانیانەوە، خراونەتە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌، چونكه‌ لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە هه‌میشه‌ بەوەکالەت شەڕیانکردوەو هەرگیز بەشێکنەبون لەهیچ پڕۆژەیەکی نیشتمانیی، بەڵکو خاوەنی تۆمارێکی تاریکی تاوان‌و پێشێلکاریین بەرامبەر بەخەڵکی مەدەنیی".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، به‌گوێره‌ى ئەو گرتە ڤیدیۆییانه‌ى كه‌ ئەندامانی ئه‌و گروپانه‌ خۆیان لەکاتی په‌لاماره‌كانیاندا بۆسه‌ر كورد له‌شارى حه‌له‌ب بڵاویانکردوەتەوە، بریتین لە:
فیرقەی 62 (بەفیرقەی سلێمان شا – ئەلئەمشات ناسراوە)
فیرقەی 72 (بەفیرقەی سوڵتان موراد ناسراوە)
فیرقەی 76 (بەفیرقەی حەمزە ناسراوە)
فیرقەی 80 (بەبزوتنەوەی نوره‌دین زەنکی ناسراوە)


به‌كۆى گشتیى نزیكه‌ى 70 هه‌زار چه‌كدارى ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌ براونه‌ته‌ شارى حه‌له‌ب‌و گروپ گروپ‌و له‌چه‌ندین لاوه‌، به‌شداریى په‌لاماره‌كانى سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانى حه‌له‌بیان كردوه‌و نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ ئامانجى خۆیان كه‌ داگیركردنى هه‌ریه‌ك له‌گه‌ڕه‌كه‌ كوردیه‌كانى (شێخ مه‌قسود، ئه‌شره‌فیه‌و به‌نى زه‌ید)ه‌.

له‌19ى 12ى 2025، حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر شه‌ش کەسایەتی‌و سێ گروپی چەکداریی سوریادا سەپاند، لاى خۆیشیه‌وه‌، نوسینگەی دەرەوەو گەشەپێدانی بەریتانیا (FCDO) ئاشكرایكرد، سزاکان بریتیین لەبلۆککردنی سەرمایەو قەدەغه‌ی گەشتکردن بۆ بەریتانیا.

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌گروپه‌كانی  فیرقەی حەمزە، فیرقەی سوڵتان مورادو فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا و له‌هه‌مانكاتیشدا فه‌رمانده‌ی گروپه‌كانیش سزادراون كه‌ هه‌ریه‌ك له‌محه‌مه‌د حسێن (ئه‌بو عه‌مشه‌)و سەیفەدین بۆلاد (ئەبوبەکر)و میقداد لوئەی فاتیحەو غەیس سولەیمان ده‌للا سزادراون كه‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌سه‌ركوتكردنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیدا.

ئاسایش ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "سەرەڕای ئەو پێشینە تاوانکارییەی گروپه‌كان، له‌هه‌موى سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، ئەو گروپانه‌ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سوریاوه‌ پشتیوانییان لێدەکرێت، ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا، پشتگوێخستنی ئاشکرای تاوانەکانیانه‌و ڕێز نه‌گرتنه‌ له‌یاساو بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان".

ئاسایش ڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ له‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ى ئێستا ڕوده‌دات ده‌یسه‌لمێنێت، لایەنی سپۆنسەر كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رعه‌، هاوبەش بێت لەبەرپرسیارێتی سیاسیی‌و ئەخلاقی‌و یاسایی بەرامبەر بەو شتانەی کە ڕودەدەن".

ئاسایش هێماى به‌وه‌شكردوه‌، "بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ناوچە سەلامەتەکانی نیشتەجێبون، تاوانێکی جەنگی تەواوو پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانه‌، به‌رده‌وامى به‌کارهێنانی گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌ سزادراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ سه‌پاندنى گه‌مارۆو بۆردومانکردنی هاوڵاتیانی سڤیل‌و هه‌وڵدان بۆ ناوهێنانیان به‌هێزى فه‌رمیى، ته‌نها قه‌یرانه‌ ناوخۆییه‌كانى سوریا قووڵتر ده‌كاته‌وه‌و ده‌رگا بۆ تاوانی زیاترو نائارامیى به‌رده‌وام ده‌كاته‌وه‌".