ڕێکخەرانی گرووپی کاری کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا، لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا هەریە لە ئەندریاس شیدەر ، پێر کلاوسن و لیۆوکا ئۆرلاندۆ نامەیەکیان ئاراستەی کاجا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە کرد و لە نامەکەدا باس لە "دۆخی حەلەب، هەروەها هێرشەکان بۆ سەر پرۆسەکانی ئاشتی کورد لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا" کراوە.
لە نامەکەدا هاتووە: "ساڵێک لەمەوبەر، جیهان پێشوازیی لە کەوتنی بەشار ئەسەد کرد و هیوای سەردەمێکی نوێیان خواست کە سەرەڕای ڕابردووەکەیان، بەڵام ئەحمەد شەرع و شوێنکەوتووەکانی دواجار ئاشتی بۆ سوریا بهێنن. کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئاسۆی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو بە هەواڵێکی نێودەوڵەتی".
باس لەوەشکراوە، بەڵام، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم ساڵە نوێیەدا، ئاسۆکانی ئاشتی لە هەردوو وڵاتی سوریا و تورکیادا ڕووبەڕووی هێرشی هاوبەش دەبنەوە. چەکداران لەژێر ئاڵای سوپای سوریا، هەردوو گەڕەکی خۆسەر و زۆرینەی کوردنشینی حەلەبیان خستووەتە ژێر گەمارۆوە، و لە هێرشێکی کوشندە و خوێناویدا بە چەکی قورس لەناوچە مەدەنییەکان دەدەن. هاوکات حکومەتی تورکیا کە هێشتا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەرامبەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نەکردووە، داوای ئەوە دەکات کە هیچ ئاشتییەک لە تورکیادا مومکین نییە، ئەگەر کورد لە سوریا دەستبەرداری چەک و ئەگەری بەرگریکردن لە خۆی نەبێ، و خۆیان بدەنە دەست حکومەتی ڕاگوزەری سوریا. ئەمە حکومەتێکە کە بێڕێزی بە دیموکراسی نیشان داوە و لە ڕێگەی هێرشی خوێناوییەوە دژ بە عەلەوییەکان و دروزەکان و ئێستاش بەرامبەر بە کورد، بێڕێزی خۆی بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان نیشانداوە. ئەوان کە خەباتیان کردووە بۆ ئاشتی، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، وەک یەکێتی ئەوروپا، هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییە بەردەوامەکان و ئاسانکاری بۆ دانوستانەکانی ئاشتی ڕاستەقینە بکەن.
پەرلەمانتاران داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد کە فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە بوەستێنێت، لەبری ئەوە ڕێگە بدات حکومەتی سوریا بچێتە دانوستاندنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتی کوردەکان. هاوکات داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکەن لە هەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سوریادا ڕەچاوی ئەو واقیعانە بکەن و ڕێگە نەدەن دەستدرێژی و کۆمەڵکوژیی نەتەوەیی ئاسایی بکرێتەوە.
