پارتی سەرجەم داواکارییەکانی یەکێتی ڕەتکردەوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8390 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرجەم داواکارییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتکرایەوە و شارپرێس وردەکارییەکەی ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس، لەکۆبونەوەی رابردووی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، شاندەکەی یەکێتی لەسەر چەند پرسێک داواکاریی خۆیان داوە بە پارتی و پەیوەست بە حکومەتی هەرێم یەکێتی داوایکردووە نۆ وەزارەت وەربگرێت لەنێویدا وەزارەتی ناوخۆ.

هاوکات یەکێتی داوایکردووە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان یەکلابکرێتەوە، هاوکات لەبارەی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو حزبە ڕەتیکردوەتەوە کاندیدەکەی بکشێنێتەوە.

لەبەرامبەردا ڕۆژی شەممە مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوەوە و لەو کۆبونەوەیەدا داواکارییەکانی یەکێتی خراونەتە بەرباس، بەگوێرەی زانیارییەکانی شارپرێس سەرجەم داواکارییەکانی یەکێتی لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتیەوە ڕەتکراونەتەوە و پارتی پێیوایە، پێدانی نۆ وەزارەت بە یەکێتی لە کۆی 18 وەزارەت، دابەشکردنی پۆستەکانە بە شێوەی پەنجا بە پەنجا، هاوکات دووبارە لەو کۆبونەوەیەدا پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی ڕەتکراوەتەوە.

شارپرێس زانیویەتی، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی دووبارە کۆدەبنەوە و پارتی بە فەرمی لەکۆبونەوەکەدا بە یەکێتی رادەگەیەنێت کە داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە.