ئەمریكا بەفەرمی لەبارەی ڕێككەوتنەكەی هەسەدەو سوریاوە هاتەدەنگ

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2426 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریکا بەفەرمی دەستخۆشی لەحکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات بۆ گەیشتن بەرێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبونی هێزەکان و دەڵێت،"ئەم رێککەوتن و ئاگربەستە نوێنەرایەتیی خاڵێکی وەرچەرخانی سەرەکی دەکەن".


تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە رێگە بۆ نوێکردنەوەی دیالۆگ و هاوکاری بەرەو بنیادنانی سوریایەکی یەکگرتوو خۆش دەکات.

 تۆم باراک لەپەیامەكەیدا وەسفی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەی کردو وتی، دوو سەرکردەی گەورە کە دیدگەیەکی هاوبەشیان بۆ ڕزگارکردنی وڵات و گەلەکەیان لەستەمکاری هەبوە. 

باراک وتیشی،" ئەم رێککەوتن و ئاگربەستە نوێنەرایەتیی خاڵێکی وەرچەرخانی سەرەکی دەکەن، کە تێیدا نەیارەکانی پێشوو لەبری دابەشبون، هاوبەشییان هەڵبژارد".
نێردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەحمەد شەرع دوپاتی کردوەتەوە، کورد بەشێکی دانەبڕاوی سوریایە. 

باراک جەختی کردەوە، واشنتن بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی تێکەڵبوونی بێ کێشەی هەسەدەیە لەناو دەوڵەتداو بەهاوبەشی مێژویی ئەمریکا لەجەنگی دژی داعش وەسفی کردن. 
باراک ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دەوڵەتی سوریا بوەتە نوێترین ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پێکەوە لەجەنگی دژی تیرۆر بەردەوام دەبن.
 
بەوتەی تۆم باراک، هەرچەندە کارە سەختەکان بۆ کۆتاییهێنان بەوردەکارییەکانی رێککەوتنی گشتگیری تێکەڵبون لەئێستاوە دەستپێدەکەن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتوەکان لەهەموو قۆناخەکاندا بە تەواوی پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات. 

باراک ڕونی شیکردەوە، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەڕێگەی تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش و بەرەو پێشبردنی "پلانی بوێرانەی سەرۆک ترەمپ بۆ ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
 
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، نێردەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەم هەوڵە بەردەوامانە پڕۆسەی هاتنە ناوەوەی تەواوەتیی کورد بۆ ناو سوریایەکی یەکگرتو و  گشتگیر ئاسان دەکات، کە تێیدا بەرژەوەندی و مافەکانی هەموو هاوڵاتییان پارێزراو بێت. 

باراک جەختی کردەوە، ئامانجی کۆتایی یەکخستنی ئاراستە جیاوازەکانە بۆ ناو یەک رێڕەوی گشتگیر لەپێناو ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نیشتمانی.