پارتی هۆشداری دەدات‌و دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێکە لە بژاردەکان

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری دەدات لەبەردوامبونی دۆخی چەقبەستویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، نزیکبونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت ئاڵۆزتر دەکات، راشیدەگەیەنێت، دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێکە لە بژاردەکان.


هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە "روداو"ی راگەیاند،" دۆستەکانمان لە دەرەوە بە راشکاوی پێمان دەڵێن پێویستە حکومەت بەزوترین کات پێكبھێنرێت، بەڵام بەداخەوە یەکێتی لەجیاتی ئەوەی بەجدی بێتە پێشەوە، خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانییە لەگەڵ نەوەی نوێ، ئەمەش پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەکات و دوایدەخات نەک ئاسانکاری."

ئەوەشیخستەڕوو،" بەبێ پارتی ئەستەمە حکومەت پێكبھێنرێت، تەنانەت ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ (38 کورسی) بەشی ئەوە ناکات نە حکومەت پێكبهێنن و نە ببنە ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر، چونکە تاوەکو حکومەت دروست نەبێت ئۆپۆزیسیۆن بون واتای نییە."

سەبارەت بە چارەسەری بنبەستی سیاسی، سیوەیلی هۆشداری دا کە دۆخەکە بەمشێوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابێت و وتی: "خۆ ناکرێت بۆ چەند ساڵێک چاوەڕێ بکەین، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێکە لەو بژاردانەی لەبەردەم لایەنە سیاسییەکاندا هەیە."

لە تشرینی یەکەمی 2024ەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێندراوە.