شارەوانییەکی سەر بەدیمەشق گروپی گەشتیاری تێکەڵ‌و سەماکردنی قەدەغەکرد

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2719 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارێکی نوێی شارەوانیی ناوچەی "وادی بەردە" لەگوندەواری دیمەشق، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەکەرتی گەشتیاریی‌و چێشتخانەو کاتبەسەربردنەوە هەیە، شەپۆلێکی بەرفراوانی مشتومڕی لەنێوان سورییەکاندا دروستکردوە.


شارەوانیی ئەو ناوچە گەشتیارییە نایابە، بڕیارێکی دەرکردوە کە تێیدا پێشوازیکردن لەگروپە گەشتیارییە تێکەڵەکان (نێرو مێ) لەچێشتخانەو دامەزراوە گەشتیارییەکان قەدەغە دەکات.

هەروەک بڕیارەکە ڕێگریی لەلێدانی مۆسیقای بەرزو سەماکردنی تێکەڵ دەگرێت، بەوپێیەی بەکارێکی "دور لەئاداب"ى وەسفکردوە.

دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو هەنگاوە بۆ ڕێگریکردنە لەو چالاکییانەی دەبنە هۆی بێزارکردنی خەڵک‌و ئەنجامدانی ڕەفتاری نەشیاو.

هەرچەندە شارەوانیی جەختدەکاتەوە، ئەمە سنوردارکردنی ئازادییە شەخسییەکان نییەو تەنها بۆ ڕێکخستنی گەشتوگوزارە بەگوێرەی دابونەریت‌و بەهاکانی ناوچەکە، بەڵام بڕیارەکە بوەتە جێگه‌ی ڕەخنەی توندی چالاکوانان.

زۆرێک لەهاوڵاتیان پرسیاری ئەوە دەکەن، کێ پێوەری "ڕەفتاری نەشیاو" دیاریدەکات‌و چۆن سەماو مۆسیقا بەپێچەوانەی یاساو نەریت دادەنرێت.

ئەو بڕیارە دەرگای بەڕوی چەندین پرسیاری هەستیاردا کردوه‌تەوە سەبارەت بەمافی هاوڵاتیان‌و پاراستنی پانتاییە گشتییەکان لەسوریادا.

بەپەلە