شارپرێس:
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر"ی ئەمریکی لەزاری سێ سەرچاوەوە بڵاویکردوهتەوە، شەوی سێشەممە، 100 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خاکی سوریایان بەرەو هەرێمی کوردستان جێهێشتوە.
ماڵپەرەکە باسی لەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا دێت کە لە 30 مانگی ڕابردوو لەنێوان حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، ئەم گواستنەوەیە دوای کۆبونەوەیەکی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانو ژهنراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە22 کانونی دوەم دێت.
بەوتەی ماڵپەرەکە، سەرۆکی هەرێم لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە بە مەبەستی دروستکردنی متمانە لەنێوان دیمەشقو هەسەدە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانو جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی نێوانیان هەژماردەکرێت.