شارپرێس:
ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی ڕوسی لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەململانێی دوژمنکارانەی نێوان تورکیا و ئیسرائیل و هەوڵی هەردوو وڵات بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی نوێ ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو جەمسەری دژبەیەک خەریکی دروستبوونن کە ئەو دەوڵەتانە لەخۆ دەگرن پێشتر وەک هاوپەیمان دەبینران.
قەمران غەسەنۆڤ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ساڵزبۆرگ بەرۆژنامەکەی راگەیاندووە: ئەم گۆڕانکارییانە دەرەنجامی داڕمانی سیستەمی کۆنی جیهانیی و نەمانی متمانەیە بە ڕێککەوتنە پێشووەکان، چونکە وڵاتانی ناوچەکە چیتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان تەنها پشت بە ئەمریکا نابەستن.
غەسەنۆڤ دەڵێت ئەمریکا هەمیشە وەک چەتری پارێزگاریی ناوچەکە دەبینرا، بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە واشنتۆن هەمیشە بەرگریی لە هاوپەیمانەکانی ناکات، هەروەک چۆن لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بێدەنگ بوو.
ئەم دۆخە وای کردووە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە چیتر تەنها ئێران وەک هەڕەشەی سەرەکیی نەبینن، بەڵکو ئێستا ئیسرائیل مەترسییەکانی تورکیا هەست پێ دەکات و کێبڕکێی نێوان سعودیە و ئیماراتیش قووڵتر بۆتەوە.
لە چوارچێوەی ئەم ڕکابەرییەدا، ئیسرائیل هەوڵی هاوپەیمانیی لەگەڵ ئیمارات دەدات، لە بەرانبەردا تورکیا کار بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ سعودیە و پاکستان دەکات و چاوەڕوان دەکرێت قەتەریش بچێتە پاڵیان.
هەروەک تورکیا و پاکستان کە هاوپەیمانیی ئازەربایجانن، دەیانەوێت باکۆش ڕاکێشنە ناو ئەم هاوپەیمانییە، بەڵام ئازەربایجان چاوەڕێی ڕوونکردنەوەی هێڵە سوورەکان و توانا ڕاستەقینەکانی ئەم بەرەیە دەکات پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.