عێراق چوار نوسینگەی گومرگی لەدەروازەكانی هەرێم دەكاتەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی گشتی گومرگی عێراق ئاشكرایكرد،  4 نوسینگەی گومرگی لەنزیک پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەكەنەوەو دەڵێت،"  ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕێگریکردنە لەهاتنە ناوەوەی هەر کەلوپەلێک کە لەدەرەوەی دەروازە فیدراڵییەکانەوە بێت و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیکۆیە لەسەرجەم دەرەوازە سنورییەكاندا".


سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ ڕایگەیاند، ئەو نوسینگانە ئەرکیان وەرگرتنی جیاوازیی ئەو باجە گومرگییانەیە کە بۆ کەلوپەلەکان دیاریکراون. 
دەشڵێت،" هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەئەلیکترۆنی نەکراون و پێناسەی گومرگی پەیڕەوکراو لەدەروازە فیدراڵییەکان جێبەجێ ناکەن.

بەڕێوەبەری دەستەی گشتی كومرەگاكنی عێراق جەختیش دەكاتەوە، كە بازرگانەکان تەنیا لەڕێگەی سیستمی ئەسیکۆوە دەتوانن کەلوپەل هاوردە بکەن کە لەدەروازە فیدراڵییەکان کاری پێدەکرێت. 

لەبارەی ئەركی نوسینگەكانیشەوە ئەوەی ئاشكراكردوە، كەئەرکی نوسینگە نوێیەکان وردبینیکردنی بەڵگەنامەی کەلوپەلەکان، دڵنیابونەوە لەجێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی کارپێکراو وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی وەک جیاوازی لەباجەکان دیاریکراوە دەبێت.

هاوكات، ڕۆژی ڕابردوش، وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرایكرد، کار لەسەر پڕۆژەیەکی گشتگیر دەکەن بۆ یەکخستنی رێکارەکان لەهەموو دەروازە سنورییەکانداو دەڵێت، دەبێت هەرێمیش هاوكاریان بێتبەجۆرێک کە رێکارەکانی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل بەیەک شێوەبن بۆ ئەوەی هەموو پارێزگاکان لەژێر سێبەری یەک یاسادابن.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی بڕیارەکە، هیچ کەلوپەلێک لەهەرێمی کوردستانەوە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی پێنادرێت ئەگەر لەم نوسینگانەوە تێنەپەڕێت.

بەپەلە