شارپرێس:
ڕەزا پەهلەوی کوڕی گەورەی دوایین شای ئێران، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە 50 ساڵ بەسەر دورخستنەوەی لەوڵات، ئێستا هەوڵدەدات سود لەپشێوییە ناوخۆییەکانی ئێرانو گوشارە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت بۆ دروستکردنی شەرعیەتێکی جێگرەوە کە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تاران بۆ خۆشبکات.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی "Financial Times"، ئەم پلانە گواستنەوەیەی پەهلەوی هەنگاوێکی جەنجاڵی لەخۆگرتوە کە ئەویش دانپێدانانی فەرمییە بەدەوڵەتی ئیسرائیل.
هەرچەندە ئەو لەساڵی 1980وە خۆی وەک میراتگری ڕەوای تەختی پاشایەتیی ناساندوە، بەڵام ئەم هەوڵانەی ئەمدواییەی، بەتایبەت دوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ڕەهەندێکی سیاسیی جیدیتری گرتوهتەبەر.
پەهلەوی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی لەواشنتۆنو پایتەختە ئەوروپییەکان چڕکردوهتەوەو تەنانەت لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆش کۆبوهتەوە، بەو بەڵێنەی کە ئەگەربێتەسەر دەسەڵات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
جاستن فۆرسایسی ڕاوێژکاری دەڵێت، "ئێرانییەکان پێویستیان بەپاڵپشتیی ئەمریکا هەیەو پەهلەویش پلانێکی 169 لاپەڕەیی ئامادەکردوە کە دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاپەڕینی نیشتمانیی لەخۆدەگرێت بۆ کاتی ڕوخانی ڕژێم".
لەناوخۆی ئێرانیشدا، هەندێک دروشم بەلایەنگری لەپاشایەتی بیستراون، کە ڕاوێژکارەکانی وەک نیشانەیەک بۆ بونی تۆڕێکی پشتیوانییو شانەی نوستوو دەیبینن کە ئامادەن بۆ یاخیبونی مەدەنی.
لەڕوی داراییەوە، پەهلەوی پشت بەو سەرمایەیە دەبەستێت کە لەخێزانەکەیەوە بۆی ماوەتەوەو خاوەنی ڕەگەزنامەی مۆناکۆیە.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێشتا لەناوخۆی ئەمریکادا کۆدەنگییەک لەسەر پشتیوانیکردنی نییە؛ بۆ نمونە دۆناڵد ترەمپو هەندێک لەسیناتۆرەکان وەک لیندسی گراهام پێیانوایە، بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتوی سیاسییو سەرکردایەتی وڵاتەکە، دەبێت لەدەستی گەلی ئێران خۆیدابێت.
لەکۆتاییدا، شارەزایان پێیانوایە، پەهلەوی دەیەوێت بەتێکەڵکردنی هێما مێژوییەکانو پشتیوانیی میدیاییو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، شوناسێکی سیاسی نوێ لەتاراوگەوە بۆ خۆییو داهاتوی ئێران دابتاشێت.
