شارپرێس:
ڕاپرسییەکی نوێی ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" کە لەشوباتی 2026 ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوەدەکات، ڕێژەیەکی زۆر لەدانیشتوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی سێیهمى جیهانیی لەپێنج ساڵی داهاتودا دەکەن.
ئەم ڕاپرسییە کە لەلایەن دامەزراوەی "Public First"وە جێبەجێکراوە، 10 ههزارو 300 کەسی لەوڵاتانی (ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنساو ئەڵمانیا) گرتوهتەوە.
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە نیگەرانییەکان بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی دراماتیکی بەرزبونەتەوە.
لەئەمریکا %46ی بەشداربوان، لەبەریتانیاو فەرەنسا %43و لەئەڵمانیا %40ی خەڵک پێیانوایە، جیهان بەرەو ململانێیەکی گشتگیر دەچێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم ترسەش بۆ بەردەوامیی جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەئێران، سوریا، فەنزوێلاو ئەفریقا دەگەڕێتەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕون بۆ کۆتاییهاتنیان نابینرێت.
سێب ڕاید بەرپرسی ڕاپرسییەکە دەڵێت، "ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەتێڕوانینی گشتییدا، جیهان ئێستا وەک شوێنێکی نائارام دەبینرێتو هاوپەیمانێتییەکان بەلەرزۆک دادەنرێن".
سەرەڕای ئەو ترسە، ڕاپرسییەکە دەریخستوە کە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا ئامادەنین باجی قورس بدەن بۆ زیادکردنی بودجەی سەربازیی.
زۆربەی بەشداربوان لەفەرەنساو ئەڵمانیا پرسیاری ئەوە دەکەن، ئایا تێچوی پڕچەککردن لەبودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەبڕدرێت یان لەڕێگەی قەرزەوە دەبێت؟ هەروەها جۆرێک لەگومانو دژایەتی بەرامبەر بیرۆکەی دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوی ئەوروپی لەژێر فەرماندەییەکی ناوەندییدا بەدیدەکرێت.
