شارپرێس:
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا، کۆبونەوەی شاندی هاوبەشی دیمەشق و هەسەدە لەگەڵ سیناتۆرانی ئەمریکا بەدەستکەوتێکی گرنگ وەسف دەکات و دەڵێت، دەستپێشخەرییەکانی ئیدارەی ترەمپ بەپشتیوانی هەردوو پارتی گەورەی ئەمریکا، زەمینە بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی و ئاشتی سەرتاسەری بەرپادەكات نەك تەنیا لەسوریا لەتەواوی ناوچەكەدا.
تۆم بەراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لەبارەی کۆبونەوەی شاندی هاوبەشی سوریا کە پێکهاتون لەمەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سوریا (هەسەدە) و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریاو ئیلهامە ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ شاندی سیناتی ئەمریک بەسەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین، لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی،" ئامانج لەم هەوڵانە فەراهەمکردنی ئاشتیی بەردەوام، سەقامگیری و خۆشگوزەرانییە بۆ سەرجەم خەڵکی سوریا؛ دەشڵێت،ئەمەش بە یەکگرتویی ئەنجامی دەبێت.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، ڕاشیگەیاند، پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەر دوو پارتەکەی ئەمریکا بوەتە هۆی بەدیهێنانی پێشکەوتنی راستەقینە.
جەختی کردەوە لەسەر دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی ئەمریکاو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کە لەلایەن خودی سورییەکانەوە بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە هەر ئەمڕۆ بڵاوی کردوەتەوە، لەچوارچێوەی زنجیرە دیدارەکانی شاندی سوریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لەگەڵ جین شاهین، سیناتۆری دیاری ئەمریکی کۆبوەوە.
