شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی ڕاگەیاند، کە لەماوەی کەمتر لەدوو مانگدا زیاتر لە 50 تاوانی جۆراوجۆریان لەناو شاری هەولێردا ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕایگەیاند، باندێکی دزیکردنیان دەستگیرکردوە کە لە یەک کۆڵان 29 دزییان کردوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم باندە کە لەدوو تۆمەتبار پێکهاتوون، شێوازێکی تایبەتیان بۆ دزیکردن بەکارهێناوە، ئەویش شکاندنی جامی ئۆتۆمبێلەکان و بردنی کەلوپەل و داراییەکانی نێو ئۆتۆمبێل بوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاسایش، تۆمەتبارەکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو هەفتەی دوەمی مانگی شوبات، جامی زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلیان شکاندوە.
ئەوەی بوەتە جێی سەرنجی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتییان ئەوەیە کە تەنها لە یەک کۆڵاندا 29 تاوانی دزییان ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، جەختی لەوەکردوەتەوە، دوای چاودێرییەکی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر توانییان شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشان بکەن و بە بڕیاری دادوەر دەستگیریان بکەن، لەئێستادا هەردوو دەستگیرکراوەکە رادەستی یاسا کراون بە مەبەستی وەرگرتنی سزای دادپەروەرانە.