سودانی داوای جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆ دەكات...هۆشداریش بەهەرێم دەدات

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد، کە تایبەت بوو بەبەدواداچونی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025ـی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیارەکانی پەیوەست بەجێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی و سیستەمی ئەسکۆ.

 
سودانی لەكۆبونەوەكەدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕیارە گرنگ و ستراتیژییانەی دراون، ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئابوری و چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکانە. 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی دەروازە سنورییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتی گومرگ و باج و ژمارەیەک لەڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیران، سەرپەرشتی کۆبونوەیەکی کردوە لەبارەی بڕیارەکانی پێناسی گومرگی.

لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامبونی هەوڵەکان کراوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و پێناسەی گومرگی و پەیڕەوکردنی تەواوەتی سیستەمی (ئەسکۆدا). 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردوەتەوە، ئەم دۆسیەیە هەنگاوێکی چاکسازیی ئابوریی هەمەلایەنەیە و ئەو بڕیارە گرنگ و ستراتیژییانەی دراون، ئامانجیان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئابوری و چارەسەرکردنی کەموکوڕییە کەڵەکەبوەکانەو وتوشیەتی،" دەبێت هەموو لایەنەكان بەتایبەت هەرێم بابەندی جێبەجێكردنی سیستمەكە بن".

 هاوکات سودانی، ستایشی ئەو هەوڵە گەورانەی کرد کە لەلایەن ڕِاوێژکارانی پەیوەندیدار بەم دۆسیەیە و فەرمانگەکانی دەروازە سنورییەکان، باج و گومرگ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسکۆدا) دراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیران رێنمایی داوە بە پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە بازگەکانی هاوسنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە یەکخستنی رێکارەکان و باجەکان لە هەموو دەروازەکانەوە، هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری لە کێبڕکێی بازاڕدا و بەهێزکردنی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، جگە لە دەستەبەرکردنی وەرگرتنی جیاوازی باجەکان بە شێوەیەکی رێکخراو.

هاوکات سودانی ڕێنمایی دا بەئاسانکاری بۆ دەرهێنانی کاڵای بازرگانان و هاوردەکاران لە بەندەرەکان، ئەویش لە رێگەی وەرنەگرتنی پشکی حکومەت لەکرێی کۆگاکردنی کاڵاکان لەبەندەرەکاندا، کە بەهۆی دواکەوتنی دەرهێنانی کاڵا و کۆنتێنەرەکان لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە کەوتوەتە سەر بازرگانان.