ئیلهام ئەحمەد: دەبێت مافەكانی كورد لەدەستوردا جێگیربكرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرو ئەندامی شاندی سوریا لەکۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکگرتن و لێکتێگەیشتن لەسوریا بەرەو پێش دەچێت و جەختی لەگرنگیی چەسپاندنی مافی خوێندن بەزمانی دایک لەدەستوری نوێی وڵاتدا کردەوە.


 ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئاماژەی بەکۆبونەوەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریاو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی،" کۆبونەوەکان دۆستانەو ئەرێنی بون. 
جەخت لەسەر سەقامگیریی سوریا، بنیاتنانەوەی وڵات و بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لەسوریای نوێدا کراوەتەوە.

دەربارەی شێوازی بەشدارییان لەکۆنفرانسەکەدا، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، وەک شاندێکی یەکگرتووی سووری بەشدارییان کردوە، بەڵام هاوکات نوێنەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان کردوەو وتیشی،" ئێمە وەک سوورییەک لێرەین بۆ ئەوەی پەیامی یەکگرتوویی و پاراستنی مافی هەموان بگەیەنین.

سەبارەت بەپرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان و تێکەڵبونیان، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی دەڕوات، بەڵام بێگومان ئاستەنگ لەبەردەمدایەو هەندێک نیگەرانی و ترسی پێشوەختە هەن، هەروەها هەندێک لێدوانی توند لەمەیدانەکەدا دەبیسترێن کە کاریگەرییان لەسەر متمانەی نێوان پێکهاتەکان کوردو عەرەب دروست کردوە، بەڵام بەردەوامی دیالۆگ دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات.

ئیلهام ئەحمەد سەرنجی خستە سەر مەرسومی ژمارە 13 و بەهەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کرد کە دەکرێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت، بەتایبەت لەپرسی خوێندن بەزمانی دایکداو وتی،" مافی خوێندن بەزمانی دایک بابەتێکی سەرەکییەو پێویستە لەدەستوردا جێگیر بکرێت، ئێستا لەناوچەکانی ئێمە بەزمانی کوردی خوێندن و فێرکردن بەردەوامە و دەبێت ئەمە گەشەی پێبدرێت و وەک مافێکی ڕەوا بناسرێت.

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریاو دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانە لەچوارچێوەی وڵاتێکی دیموکراتدا.