شارپرێس:
عێراق لەبەردەم بومەلەرزەیەکی سپی لەکەرتی وزە؛ ساڵی 2026 تەنها ژمارەیەک نییە، بەڵکو کاتی کۆتاییهاتنی سەردەمی سوتانی ملیارەها دۆلارو دەستپێکی شۆڕشی غازی بێدەنگە، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی نەوتی بەسرەیە، بەغدا خەریکی کێشانی نەخشەیەکی نوێیە کە تێیدا غاز، خۆرو دەروازەیەکی ئاوییەكان ڕێڕەوی ئابوریی وڵات دەگۆڕن.
کەرتی وزەی عێراق بەرەو ساڵی 2026 هەنگاو دەنێتو چاوی لەگۆڕانکارییەکی ڕیشەییو مێژوییە، دوای دەیان ساڵ لەپشتبەستن بەنەوتی خاوو سوتانی غاز، ئێستا بەغدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختو ستراتیژیدایە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی وزەی جیهانی.
پرۆژەی "تۆتاڵ"؛ ترپهى دڵى عێراق
ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی دروێنەکردنی بەرهەمی گرێبەستە گەورەکەی کۆمپانیای (TotalEnergies)، ئەم پڕۆژەیە تەنها دەرهێنانی نەوت نییە، بەڵکو سیستەمێکی تەواوکارییە کە دەبێتە فریادڕەسی کارەبای عێراق.
غازی هاوپێچ: بەکارپێکردنی وێستگەی چارەسەری غاز بەتوانای 600 ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێکدا، عێراق دەتوانێت کۆتایی بەسوتانی غاز بهێنێتو وێستگەکانی کارەبا ببوژێنێتەوە.
تەکنەلۆژیای ئاو: پڕۆژەی پەمپکردنی ئاوی دەریا بەتوانای 7.5 ملیۆن بەرمیل، دەبێتە هۆی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی باشورو ڕێگریی لەوشکبونی سەرچاوە ئاوییەکان.
کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە 2؛ گۆڕینی یاریزانە نێودەوڵەتییەکان
یەکێک لەڕوداوە هەرە گرنگەکانی 2026، کشانەوەی کۆمپانیای (لوک ئۆیڵ)ی ڕوسییە لەکێڵگەی "ڕۆژئاوای قوڕنە 2"، ئەم کێڵگەیە کە یەکێکە لەگەورەترینەکانی جیهان، ئێستا لەبەردەم هاوکێشەیەکی نوێدایە.
هاتنی ئەمریکییەکان: بەغدا دەیەوێت بەڕاکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا، هاوسەنگییەک لەنێوان ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوا دروستبکات.
ئامانجی گەورە: گەیشتن بەبەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیل نەوتو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی گەورە کە پاڵاوگەو کارگەی پترۆکیمیایی لەخۆدەگرێت.
شۆڕشی وزەی پاک؛ خۆر لەعێراقدا هەڵدێت
ساڵی 2026 تەنها ساڵی نەوتو غاز نییە، بەڵکو ساڵی ڕەنگە سەوزەکەیە، عێراق بەفەرمی دەچێتە ناو جیهانی وزەی نوێبوەوە:
خۆری کەربەلاو بەسرە: بەکارکەوتنی وێستگەی کەربەلاو شەمسولبەسرە بەتوانای سەدان مێگاوات، فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە.
دەروازەی ئاویی نیشتنەوەی غاز؛ کلیلی سەربەخۆیی
بۆ یەکەمجار، پێش ناوەڕاستی ئهمساڵ، عێراق یەکەم منەسە (دەروازەی ئاویی) گەڕۆکی هاوردەکردنی غازی شل (FSRU) کارپێدەکات، ئەمە هەنگاوێکی گرنگه بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی کارەبا، چونکە توانای دابینکردنی سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی چوار ههزار مێگاوات کارەبای هەیە.
دەرەنجام؛ عێراق لەسەر ڕێگهیەکی نوێ
شارەزایان پێیانوایە ئهمساڵ، ساڵی تاقیکردنەوەی متمانەیە، ئەگەر ئەو پڕۆژانە بەسەرکەوتویی جێبەجێبکرێن، عێراق لەوڵاتێکی قەیراناوییهوه دەبێتە وڵاتێکی پلانداڕێژەرو سەقامگیر لەڕوی داراییو وزەوە.
هەموو چاوەکان لەسەر کاتژمێری ژماردنی پێچەوانەی ساڵی 2026ن، ئایا بەغدا دەتوانێت ئەمجارە بەسەر بەربەستە بیرۆکراسیو سیاسییەکاندا سەربکەوێتو ببێتە ناوەندی سەرەکی وزەی ناوچەکە؟ یان ئەم خەونە گەورانەش دەبنە قوربانیی ململانێ نێودەوڵەتییەکان؟ تەنها کات دەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئهمساڵ دەبێتە ساڵی سەربەخۆیی وزە یان تەنها لاپەڕەیەکی دیكهى ناو مێژوی بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان.
