لەم 100 ساڵەی کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕینو بەتایبەتیش لەقۆناغێکدا کە بەڕێوەچونی جەنگی جیهانی سێیەم لەلوتکەدایە، توندوتیژی سەر ژنان لەئاستی قڕکردنو کۆمەلکوژیدا بەڕێوەدەچێت. ئەمەش تەنها پەیوەست نییە بەپیادەکردنی توندوتیژی بەرامبەر بەژنێک یاخود کۆمەڵە ژنێک، بەڵکو بوونی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگایەکدا بەو مانایە دێت کە توندوتیژی بەرامبەر بەهەموو تاکەکانی کۆمەڵگا پیادەدەکرێت.
هەربۆیەش هەرچەندە توندوتیژی ڕەگو ڕیشەی مێژوویی هەیە لەهەمانکاتیشدا بووەتە بەعەقڵییەتی سیستەمی حوکمڕان. گەر بەتەنها وەک ڕووداوێکی ڕۆژانە سەیری بابەتی توندوتیژی بکەین ئەوا بێگومان ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و لێکۆڵینەوە لەمێژووی توندوتیژی بکەین. لایەنی توندوتیژی مێژوویی بوونیان هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ وەک "کوژەری کاستیک" پێناسەیکردووە کە ئەمیش دۆزینەوەیەکی گرنگە.
واقعی کاستی بکوژ لەسەرەتادا سەروەری خۆی لەسەر عەقڵییەتی ژن دروستکردو لەقۆناغەکانی دواتریشدا سەروەری خۆی لەسەر هەموو کۆمەڵگا، منداڵان، گەورەو ئەو پیاوانەی کە لەدەوری کۆمەڵگای ژن کۆببونەوە دروستکرد. کاستی بکوژ خۆی بەسەر هەموو کۆمەڵگادا زاڵکرد و بەم شێوەیەش کۆیلەبوونی بۆ هەموو خانەکانی کۆمەڵگا گواستەوە . هەربۆیەش گرنگە کە کاستی بکوژ وەک دیاردەیەکی توندوتیژی سەیر بکرێت و لەسەر ئەم بنەمایەش لەبواری سۆسیۆلۆژی دا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. توندوتیژی لەلایەن پیاوەوە وەک عەقڵییەت و پیرۆزی سەیر دەکرێت و ئەو پیاوەش کە ڕێگەی زەبر و توندوتیژی نەگرێتەبەر لەلایەن کۆمەڵگاوە وەک پیاو مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت و بەکەم سەیر دەکرێت .
عەقڵییەتی پیاوسالاریش ئەم جۆرە لە پیاوان ، وەک پیاوی "ژنانی" دەبینێت و پێناسە دەکات. لەلایەنی مێژووییشەوە لەسەردەمی کاستی بکوژەوە توندوتیژی توانیویەتی تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە و لەگەڵ جەنگی جیهانی سێیەمیشدا گەیشتووەتە ئاستی هەرە بەرزی خۆی . لەمڕۆشدا توندوتیژی وەک پیرۆزی سەیر دەکرێت و وا لێکدەدرێتەوە بە نەبوونی زەبر و توندوتیژی پەروەردە و کلتوری مرۆڤ جێگەی خۆی ناگرێت ، هەربۆیەش توندوتیژی لە مێژوودا وەک ڕێبازی سەپاندنی عەقڵانییەت بەکارهێنراوە و هێشتاش یەکێکە لە ڕێبازە هەرە باوە هەڵبژێردراوەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە . لەمڕۆشدا توندوتیژی وەک ڕووداوێکی ڕۆژانە و دیاردەیەکی ئاسایی سەیر دەکرێت کە لە هەموو جومگەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت .
ئەم ئاساییکردنەش بووە هۆی ئەوەیکە دەسەڵاتی پیاوسالاری خۆی دابمەزرێنێت . هەربۆیەش پێویستە ئێمە لە سەرەتادا هەلوێستمان لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دەرببڕین . بەکورتی دەتوانین بڵێین پیاو دەسەڵاتداری خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەسەر ژن و کۆمەڵگادا دەسەپێنێت .هەربۆیەش پیاو بەکارهێنانی توندوتیژی وەک مافێکی ڕەوای خۆی سەیر دەکات و ناهێڵێت بەهیچ شێوەیەک بابەتی توندوتیژی ببێتە جێگەی گفتوگۆ و مشتومڕ. پیاو چوارچێوەیەکی دیاریکراوی ژیانی بۆخۆی دروست کردووە و هەربۆیەش هەر ژنێک لەدژی ئەم چوارچێوەیە سەر هەڵبڕێت وەک هەڕەشە و مەترسی دەیبینێت.
ئەم زەخت و توندوتیژییە چۆن خۆی دروستدەکات ؟ بە چ شێوەیەک ڕەوابوونی خۆی بەدەستدەهێنێت ؟ چۆن خۆی بڵاودەکاتەوە ؟ گەڕان بەدوای ئەم پرسیارانەو هۆکارەکانی یەکێکە لەئەرکە هەرە سەرەکییەکانی ئێمە، لەمێژووی دەرکەوتنی یەکەم ناکۆکی لەنێوان ژن و پیاوەوە، ژن لەبەرامبەر ئەم توندوتیژییە لەتێکۆشاندایەو توانیویتەتی ئەم تێکۆشانەشی بۆ ئەمڕۆ بگوازێتەوە، بەڵام لەبەرامبەریشدا پیاوانیش نەوەستاون و نایانەوێت ئەو دەسەڵاتە لەدەستبدەن کە لاوازی خۆیان پێ دەشارنەوە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە پیاوان دەستبەرداری دەسەڵاتی خۆیان نابن، دەستبەرداری فاکتەری فشارو باڵادەستی خۆیان نابن. ئاساییکردنەوەی توندوتیژی شەرعیەتی پێدەبەخشێت و گرنگە بەرامبەر ئەم واقیعە شەڕ بکەیت و بەرەنگاری ببیتەوە.
هەربۆیەش گرنگە بەدوای هۆکارە مێژووییەکانی کوشتنی ژناندا بگەڕێین و وەڵامیان بۆ بدۆزینەوە، ناکرێت تەنها بڵێین ژن دەکوژرێت پێویستە هۆکاری ئەو کوشتنە ئاشکرابکەین، بۆچی پیاو دەستەبەرداری ئەو زۆرداريی و عەقڵییەتەی خۆی نابێت؟ چونکە بەبەردەوامی ئەم عەقڵییەتە دەسەڵاتداری پیاو خۆی لەسەرپێ دەهێڵێتەوە. بەپێی کات جۆرو ڕەنگی گۆڕانی بەسەرداهاتوە، بەڵام لەجەوهەردا بەردەوامی هەر توندوتیژییە.
هەربۆیەش ئێمە دەڵێین ئەو توندوتیژییە هەنوکییەی کە بونی هەیە لەسەر بنەمای ململانێی مێژویی نێوان ژن و پیاو دامەزراوەو ئەم ململانێیەش تاوەکو ئەمڕۆمان درێژبووەتەوە، بەڵام پیاو ئەمەی گۆڕيی و بەسیستماتیکی کردو بەمشێوەیەش توانيی هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دروستبکات. پیاو دەیەوێت بەبەکارهێنانی ڕێبازەکانی توندوتیژيی سەروەری عەقڵییەتی خۆی بچەسپێنێت چونکە ئەگەر بەتەنها بە عەقڵییەتەوە بییەوێت نزیکی ئەم بابەتە ببێتەوە ناتوانێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت . عەقڵییەتی پیاو بەڕادەیەک قوڵبووەتەوە تەنانەت کاتێک کە ژنێک دەکوژرێت هیچ کەس لێپرسینەوە لە هۆکاری کوشتنەکە ناکرێت و وا مامەڵە دەکرێت کە ئەو ژنە شایەنی کوشتن بووە ، هەموو کەس لایەنگری کەسی بکوژ دەکات بەتایبەتیش چینی پیاوان، چونکە عەقڵییەتی پیاو هەر هەمان عەقڵییەتە چ بەچەکەوە بێت چ بێ چەک بێت، لەهەرکاتو ساتێکدا ئامادەیە بەهەمانشێوە مامەڵە بەرامبەر بەژن بکات.
هەربۆیەش کاتێک ژنێک دەکوژرێت کەس دەنگ بەرزناکاتەوە، چونکە کاتێک لەماڵەکەی خۆیدا ڕووبەڕووی هەمان بارودۆخ بوویەوە هەمان هەڵوێستی دەبێت، خۆ ئەگەر هەمان هەڵوێستی نەبێت ئەوا وەک بێشەڕەف سەیر دەکرێت، هەربۆیەش پیاوان دەنگ لەمەڕ کوشتنی ژنان بەرزناکەنەوە ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێت کە ئەر ڕێو ڕێبازەیان لەلا پەسەندە، خێزانو چەمکی خێزان بۆ یەکەمجار لەسەر ئەم خاکە سەریهەڵدا، بەڵام کاتێک سەیری پەیوەندییەکانی ناو خێزانی ئەمڕۆ دەکەین، ڕووبەڕووی دۆخێکی سەرلێشێواوی دەبینەوە . چونکە ئەگەر سەیر بکەین دەبینین پەیوەندییە خێزانییەکان و پەیوەندییەکانی ژن و مێردایەتی و دایک و باوکایەتی تووشی ڕزان بوونەتەوە . بەگوێرەی ئامارەکان زۆربەی ئەو توندوتیژی و کوشتنانەی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ئەنجامدەدرێن بکەرەکانیان پیاوە ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێت کە توندوتیژی سەر ژن لە خێزانەوە دەستپێدەکات.
دیسانیشەوە بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان لەهەر 10 خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت، هەربۆیەش پێویستە ئەم پرسیارە لەخۆمان بکەین بنەمای ڕاستی خێزانی لەکوردستاندا چییەو پشت بەچی دەبەستێت؟ لەڕاستی خێزانیدا دەسەڵاتداری بوونی هەیەو ئەگەر ژنان نەکوژرێنیش ڕووبەڕووی زۆر بارودۆخی خراپتر لەکوشتن دەبنەوە، ئەو خێزانەی کە بەپیرۆزی دەزانرێت، ژنەکانی زۆرترین توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجامدەدرێتو دەتوانین بڵێین ئەو توندوتیژییەی لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدەدرێت گەیشتووە ئاستی جینۆسایدکردنی ژنانو کچانی گەنج.
هەر لە خێزانەوە بگرە هەتاوەکوو کۆمەڵگا دەتوانین ڕێبازی توندوتیژی و گوشارەکانی سەر ژن ببینین . لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین هەموو عەقڵییەت و ئایدۆلۆژیا و سیستمە هەنووکەییەکان کە تا ئەمڕۆ بنیاتنراون، لەسەر بنەمای ستەم و توندوتیژی دامەزراون . بۆیە توندوتیژی تەنها جەستەیی نییە، بەڵکو فرەلایەنەیە و درێژدەبێتەوە بۆ ئاستی بیرکردنەوەو هۆشیاری.
ئەگەر توندوتیژی لە مەیدانی عەقڵییەت دا نەبێت، ئەوا بەم ڕێژەیە لەسەر کۆمەڵگا و بەتایبەتیش ژنان بەکارناهێنرێت .پیاو هەمیشە ژن وەک موڵکی خۆی سەیر دەکات ، ژن لەلایەن باوک ، برا ، مێرد و دەوڵەتەوە وەک موڵک سەیر دەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت . تەنانەت لە پەیوەندی هاوسەرایەتی و سۆزداریشدا ژن هەر وەک موڵک سەیر دەکرێت . ژن هەمیشە لە ژێر قۆرخکاری پیاودا بووە و ئەو کاتەی خواستی دەرچوونی هەبێت بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەری دەکەوێتە گەڕ . پیاوان بۆ کپکردنی بێدەسەڵاتی خۆیان ژن دەکەنە موڵکی تایبەتی خۆیان بەڕوونی ئەمەش لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتدا دەبینین . کاتێک خاوەن موڵک دەسەڵاتدار بێت، کۆیلایەتی قووڵتر دەبێتەوە. کاتێک ژن نایەوێت سەر بە کەس بێت، توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت . ئەم توندوتیژییە چۆن ڕوودەدات؟ لە ڕێگەی ڕێبازەکانی وەک کوشتن، دەستدرێژی، سێکسی خزمایەتی، بەجێهێشتن و توندوتیژی دەروونی ، کە هەموو ئەمانەی ئاماژەمان پێکرد لەلایەن پیاوانەوە بۆ سەپاندنی باڵادەستی خۆیان بەسەر ژناندا بەکاردەهێنرێن . خاوەندارێتی ژنان لەلایەن پیاوانەوە بووە بە هۆکاری زەوتکردنی هەموو مافەکانی ژن.
چەوساندنەوەی دەروونیش جۆرێکی توندوتیژییە، ئەم توندوتیژی و نادادپەروەرییە لە ئاستی ئەوەی ئافرەتان چی لەبەر دەکەن، چۆن قسە دەکەن، چۆن دەڕۆن، چۆن دادەنیشن، کەی دەگەڕێنەوە ماڵەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ هەموو بوارەکانی سیاسەت و پەروەردە و هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان .تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک جگە لە خودی ژنەکە هەموو کەسێک مافی بڕیاردانی هەیە لەسەر ژیانی. تەنها ژن بۆی نییە بڕیار لەسەر کردەوە و ژیانی خۆی بدات ئەمەش خۆی گەورەترین توندوتیژییە کە بەرامبەری دەکرێت . هەموو ئەمانە لە خێزانەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان . هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ناسنامەی ژن لە دەرەوەی خێزان بوونی نییە و ئەو هۆشیارییەی کە لە کۆمەڵگادا بنیادنراوە ، ڕێگە نادات ژن لە دەرەوەی خێزان خۆی ڕێکبخات و ژیانی خۆی بنیادبنێت .
توندوتیژی دژی ژنان بەداخەوە لەژێر ناوی خۆشەویستیدا پراکتیزە دەکرێت ، هەربۆیەش پێویستە پرسی خۆشەویستی و سۆز بخەینە سەر مێزی گفتوگۆو شیکارکردنی ئەو دەرئەنجامانەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیھێنێت. بەهۆی ئەو کوشتنە زۆرانەی کە لەژێر ناوی خۆشەویستیدا ئەنجام دەدرێن ، کاتێک کە ژن بەگوێرەی خواستی پیاو مامەڵە ناکات، یەکسەر پیاوەکە سوێند دەخوات دەڵێت " تۆ یان هی منیت یان هی خاکیت" ئەمەش وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ژنەکە بەکاردەهێنێت.بەم شێوەیەش پیاوەکە گوایە عاشقە، بەڵام کاتێک ژنەکە بەپێی ئارەزووی پیاوەکە مامەڵە ناکات ئەوەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە کوشتنە. ئایا دەتوانین ئەم دیاردەیە ناوی بنێین خۆشەویستی ؟ لە بنەڕەتدا ئەمە خۆشەویستی نییە ، بەڵکو تا ڕادەیەکی بەرز ئارەزووی خاوەندارێتی لەخۆیدا هەڵدەگرێت.
پیاو بە هەموو شێوەو جۆرەکانییەوە بەو سیستەمەی کە دروستی کردووە توندوتیژی بەکارهێناوە و ئێستاش گەیشتووەتە ئاستێک کە ناتوانێت ئەو سیستەمەی دایمەزراندووە وەک پێشووتر بەڕێوەببات و بەردەوامی پێبدات. ئەگەر لەئەمڕۆ بەم ڕادەیە فشار و توندوتیژی سەرهەڵدەدات و بەکاردەهێنرێت ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەیەکە پیاو چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیستەمەی کە دروستیکردووە ، چونکە لەئێستادا توندوتیژی لە ئاستێکی باڵاتردا بەکاردەهێنێت .بۆ نمونە یەکێک لە ڕێبازەکانی توندوتیژی ئەوەیەکه هەموو بوارەکانی ژیان به ڕووی ژناندا داخرابوون و تەنها به ناوچەو ساحەی پیاوان ناسرابوون . کاتێک ژنان لە دژی ئەمە دەستیان بەخەبات کرد و هەموو ڕێبازەکانی پیاوان ئاشکرابوو سیستەمی حوکمڕانی پەنای بۆ ڕێبازی نوێتر برد. ئەم ڕێبازە، وایدەرخست کە سیستەمی پیاو گۆڕانکارییەک لە خۆیدا دروستدەکات و بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێت ، بەڵام ئەمجارەیان ژنان کە بە عەقڵیەتی پیاوانەوە دروستکران و هێنرانە سەر دەسەڵات. ئەمەش وەک ڕێبازێک بوو بۆ تێکشکاندنی خەباتی ژنان. بارودۆخی ئێستای ژنان کە تێیدا دەژین، چاونەترسانەیە بەهۆی ڕێژەی کوشتنی ژنان و ئاستی توندوتیژی دژی ژنان ، گوزارشت لە دابەزینی کۆمەڵگا دەکات . ڕێبەر ئاپۆ لەم لەمبارەیەوە دەڵێت : "کوشتنی ژنێک یەکسانە بە کوشتنی کۆمەڵگایەک ". چونکە ژن ژیانە و بە کوشتنی ژن کۆتایی بە ژیان و کۆمەڵگا دەهێنین. ئەم هەموو کوشتن و بڕینەی لەسەر ژنان پیادە دەکرێت لەلایەن ڕێساکانی پیاوانەوە جێبەجێ دەکرێن هەربۆیەش ژنان پێویستییان بە ژیانێکە کە کاریگەرییەکانی پیاو تێیدا شکێنراوە.
ئەگەر توندوتیژی دژی ژنان بابەتی خەبات و لێپرسینەوە نەبێت و وەک تاوان سەیر نەکرێت و کوشتنی ژنان ڕانەوەستێت ئەوا شەڕ و ململانێ و خوێنڕشتن لە وڵاتەکەماندا بەردەوام دەبێت . بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە توندوتیژییەک پێویستە بیرکردنەوەو هزری دەسەڵات بگۆڕدرێت . لەسەر ئەم بنەمایەش ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : " ژیانێکی هەڵە ناشێت بەدروستی بژیت" لەگەڵ ئەمەشدا ژن وا قەناعەتی پێدەکرێت کە لە باشترین کەش لە ئازادترین و یەکسانترین و دیموکراسیترین دۆخدا درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. هەربۆیەش ژنان لەم سەردەمەدا بە قەفەسێکی زێڕین فریو دەدرێن ، بەڵام ژنان نابێت لەبیریان بچێت ئەگەر قەفەسەکە تەنانەت زێڕینیش بێت دیسانەوە هەر قەفەسە. بێگومان پیاوانێک هەن ئەم بیرکردنەوەیە قبوڵ ناکەن و دژی دەجەنگن .
وەستانەوە لە بەرامبەر توندوتیژی و بەتایبەت توندوتیژی دژی ژنان ، یەکێکە لە ئەرکە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بوون. گرنگە لەسەر ئەم بنەمایە خۆمان ڕێکبخەین و کۆمەڵگا پەروەردە بکەین . ئەگەر تەنها لەڕووی ڕووداوەکانی ڕۆژانەوە باسی پرسی توندوتیژی بکەین، ئەوا سەرچاوەی کێشە بنەڕەتییەکان ناناسین و چارەسەرییان بۆ نادۆزینەوە ئێمە تەنها هەواڵەکانی سەبارەت بە کوشتنی ژنان دەخوێنینەوە و سەیری دەکەین و پشتگوێیان دەخەین . کاتێک مرۆڤ بیر لە ژن دەکاتەوە ، یەکسەر ژیانی دێتەبەرچاو، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بارودۆخی ژن گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنها گوزارشت لە مردن دەکات.
کاتێک دەڵێین ژن ژیانە ، کەواتە ئەو ژیانانەی کە دەژین چۆنە ؟ بە واتایەکی تر بارودۆخی ژیانمان چۆنە؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە چ جۆرە ژیانێک دەژین ، ئەوا بەهای ژنان لە ژیان و کۆمەڵگاشدا دێتە بەرچاومان. بۆیە پێویستە ئەو ژیانەی کە پێشکەشمان دەکرێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە و ئەو شێوەیەی کە پێشکەشمان دەکرێت قبوڵی نەکەین . وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا توندوتیژی لادانێکە لە ڕێگای عەقڵانییەت ، کەواتە هۆشیاری ڕاستەقینە چییە ؟ پیاوی کورد چۆن مێشکی خۆی بنیاددەنێت و خۆی لە شێوازەکانی توندوتیژی ڕزگار دەکات؟ ژنانی کورد چۆن دەگەڕێنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان؟ پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدۆزرێنەوە . پیاوانی کورد پێویستیان بەوەیە لەخۆیان بپرسن بۆچی هەست بە بەهێزی دەکەم بەرامبەر بە ژن ؟ بۆچی پیاو پێش هەموو شتێک بیر لە دەست تەحەداکردن و لێدان و دۆزینەوەی خراپترین وشە کە بە شایەنی ژنی بزانێت دەکاتەوە؟ کاتێک پیاوی کورد ئەم پرسیارانە لەخۆی بکات ، ئەوکاتە بۆی دەردەکەوێت کە هەمان تێڕوانینی بەرامبەر بە ژنان هەیە ، سیستەمیش لەسەر هەمان تێگەیشتنی پیاو دامەزراوە. کاتێک دەژین هەرگیز لەخۆمان ناپرسین بە کلتوری کێ دەژین ، تەنها دەڵێین کوردین فێربووینە کە بەم شێوەیە بژین و بەردەوامیش دەبین لێی بەڵام ئەوە بەس نییە . چونکە ئەمە بەتەنها ڕێگر دەبێت لە گەڕانمان بەدوای فۆڕمی ژیانێکی ئازاد.
ئەم کێشانە چۆن چارەسەردەکرێنو شێوازەکانی چارەسەکردنیان چین؟ شێوازی ژیان پێویستە چۆن بێت؟ سەرەتا دەبێت لەخۆمان بپرسین ئەگەر پیاوان توندوتیژی بەکارنەهێنابایە دونیای ئێمە بە چ شێوەیەک دەبوو؟ لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە کۆڕەپانی تایبەت بە ئافرەتان بوونی هەبێت و ئەو بوارانە وەک ڕۆشتنی ژنان نەبینن لەکاتی بنیادنانی بوارەکانی ژیانی خۆیاندا. جگە لەوەش پێویستە هەموو ژن و پیاوێکی کورد لەسەر بنەمای زانستی ژیان خۆیان بنیادبنێت . ئەمەش پێویستی بە عەقڵی هاوبەش هەیە لەسەر بنەمای واقیعی مێژوویی و کولتووریمان.
جگەلەوەش پێویستمان بەئازادی هەیەو بۆ ئەوەی ئازادبین، پێویستە لەبواری عەقڵییەتدا ئازادبین. ئەو شێوازی ئازادییەی پێشکەشمان دەکرێت ئازادی نییە بەڵکو تەنها هەندێک دەرفەتە بۆ ژیانکردن . لە هەمان کاتدا پێویستمان بە بوونی پەیوەندی ئازاد لە نێوان ژن و پیاودا هەیە لەسەر بنەمای ماف و دیموکراسی و یەکسانی . لەم ڕووەوە بەرپرسیارێتی سەرەتایی دەکەوێتە سەر شانی ژنان و دایکان بۆ ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکەوە منداڵان فێری یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز بکەن . نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە لە هەندێک ناوچەی باشووری کوردستان ژن وەک ماموستای ژیان سەیردەکرێت. بۆیە نابێت مامۆستایانی ژیان بکوژرێن بەڵکو پێویستە سوپاسگوزار و قەدردانی مامۆستایانی ژیان بین .
نوسینى: ڤیان سیروان
وهرگێڕانى: كازیوه
