شارپرێس:
ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری دێرک ڕایانگەیاند کە یەکگرتوویی کورد بنەمای ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ڕۆژاڤا بووە و سەرنجیان ڕاکێشا بۆ هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری سوریادا.
هەروەها هەردوو سەرکردەی باڵای کورد لەڕۆژئاوا باسیان لە گرنگی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کرد.
پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە بە بەشداری سەدان کەس لە شاری دێرک کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا.
هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ئیلهام ئەحمەد قسەی کرد و ڕایگەیاند کە “گۆڕانکاری گرنگ لە قۆناغی ئێستادا ڕوویداوە، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد، کە بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی”.
ئیلهام لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، پرسی کورد بەشێکی جەوهەری وتووێژە، زۆر گرنگە کە ڕژێمی سوریا دان بە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی سوریادا بنێت، ئەم دانپێدانانە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراسی و یەکگرتوو.