هەسەدە چۆن پیلانێكى مه‌ترسیدارى ئەمریکاو تورکیاى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌؟

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپشت پەردەکانی بنکەی ئاسمانیی ئەنجەرلیکەوە، هەواڵگریی ئەمریکاو تورکیا خەریکی چنینی نەخشەیەکی مەترسیداربون بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای سەربازیی ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەبێدەنگی چاودێریی هەموو هەنگاوەکانی دەکرد، بەڵگەیەکی نهێنیی دزەپێکراو ئاشکرایدەکات، چۆن هەسەدە لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی خێراو دەستگیرکردنی ئەحمەد ئەلخەبیل، توانیی پێشئەوەی یەک فیشەک بتەقێنرێت، پیلانی دروستکردنی سوپای (درع الجزیره‌)و هاوپەیمانێتییە نایاساییەکانی ئەبو خەولەو ئەبو عەمشە لەناوچەکەدا بەتەواوی پوچەڵبکاتەوە.


پیلانێکی ئەمریکی ـ تورکی کە لەئەنجەرلیکەوە دەستیپێکردو لەدێرزور شکستیهێنا، بەڵگەیەکی نهێنی وردەکاریی دروستکردنی سوپای درع الجزیره‌ ئاشکرادەکات‌و پەردە لەسەر پەیوەندییە ژێرپەردەکانی ئەحمەد ئەلخەبیل‌و ئەبو عەمشە لادەبات، چی لەناو ئەو کۆبونەوەیەدا وترا کە هەسەدەی ناچارکرد بەپەلە بڕیاری دەستگیرکردنی فەرماندە یاخیبوەکەی بدات؟.

بەڵگەیەک کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو، زانیاریی هەستیارو مەترسیدار سەبارەت بەکۆبونەوەیەکی نهێنی لەناو جەرگەی بنکەی ئەنجەرلیکی تورکیا ئاشکرادەکات.

بەڵگەکە ئاماژە بەوەدەکات، چۆن واشنتۆن‌و ئەنكەرە هەوڵیانداوە هاوپەیمانییەکی سەربازیی نوێ لەژێر ناوی (درع الجزیره‌ ـ قەڵغانی جەزیرە) لەڕۆژهەڵاتی سوریا پێکبهێنن، کە ناوەڕۆکەکەی لەچەکدارانی عەشایەرە عەرەبەکان بێت.

کۆبونەوەی ئەنجەرلیک.. ئەکتەرەکان کێ بون؟
به‌گوێره‌ى بەڵگەیەک کە مێژوەکەی 20ی حوزەیرانی 2023یە، چەند کەسایەتییەکی دیاری سەربازیی‌و گروپە چەکدارەکان لەبنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک کۆبونەتەوە.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا (ئەحمەد ئەلخەبیل) ناسراو (به‌ئەبو خەولە) فەرماندەی پێشوی ئەنجومەنی سەربازیی دێرزور (سەر بەهەسەده‌)و (محەمەد ئەلجاسم) ناسراو به‌(ئەبو عەمشە) سەرۆکی گروپی (سولتان سولەیمان شا) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێت له‌گه‌ڵ چەند ئەفسەرێکی هەڵاتوی سوپای سوریاو فەرماندەی گروپە جیاوازەکان به‌شدارییانكردوه‌.

ستراتیژیی ئەمریکا.. سزادان لەلایەک‌و بەکارهێنان لەلایەکی دیكه‌وه‌!
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لەم بەڵگەیەدا، دوفاقیى سیاسەتی ئەمریکایە، لەکاتێکدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەئابی 2023دا سزای بەسەر ئەبو عەمشەو گروپەکەیدا سەپاند بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ‌و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بەڵام ئەم بەڵگەیە دەریدەخات کە هەر هەمان کەسایەتی لەکۆبونەوەیەکدا بەچاودێریی‌و میوانداریی ئەمریکاو تورکیا بەشداربوە بۆ داڕشتنی نەخشەی سەربازیی ناوچەکە.

ئەبو خەولە؛ ئەو پیاوەی هەسەدە پیلانەکەی تێکشکاند
بەڵگەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەحمەد ئەلخەبیل (ئەبو خەولە) تەنها بەشداربوو نەبوە، بەڵکو بڕیاربوە ببێتە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان چەندین جەمسەری وەک مەناف تلاس‌و موهەنەد ئەلتاڵع، بەڵام دەستگیرکردنی ئەبو خەولە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەکۆتایی ئابی 2023وه‌، وەک گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئەم پیلانە پێشئەوەی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

بڕیاری دورخستنەوەی ئەبو خەولە تەنها ڕێکارێکی ئیداری نەبوو، بەڵکو گورزێکی ستراتیژیی بوو کە هەسەدە وەک قەڵغانێک بەکاریهێنا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەپیلانێکی هەرێمیی کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بوو.

ئه‌بوخه‌وله‌ سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازیی دێرزور بوو کە بەشێکبوو لەپێکهاتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پۆستەكه‌شى یەکێکبوو لەگرنگترین پۆستە سەربازییەکانی هەسەدە لەناوچە عەرەبنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا، چونکە ئەحمەد ئەلخەبیل، نوێنەرایەتی هێزە عەشایەرییە عەرەبەکانی دەکرد لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا.

هەسەدە لەئابی 2023، بڕیاری دورخستنەوەو دەستگیرکردنی ئەحمەد ئەلخەبیل (ئەبو خەولە) به‌چه‌ند هۆكارێك بوو گرنگترینیان بریتی بون له‌(پەیوەندیی لەگەڵ لایەنی دەرەکی، هەسەدە تۆمەتباریکرد بەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی‌و بەبێ ئاگاداری فەرماندەیی گشتیی، پەیوەندیی‌و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە دەرەکییە نەیارەکان کە ئاماژەبوو بۆ هەواڵگریی ڕژێمی سوریاو میلیشیاکانی سەر بەئێران‌و لایەنی تورکی)، هه‌روه‌ها تێوەگلان لەتاوان، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ تۆمەتبارکرا بەئەنجامدانی چەندین تاوانی وەک بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان‌و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی).

ئه‌وه‌ زانراوه‌، ئه‌وكات كه‌ ئه‌بوخه‌وله‌ ده‌ستگیركرا هه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، "ئه‌بو خه‌وله‌ بەرپرسیار بوە لەزیادبونی چالاکییە تاوانکارییەکان‌و کوشتنی خەڵکی سڤیل لەناوچەی دێرزور کە ئەمەش ناوبانگی هەسەدەی لەناوچەکە لەکەدارکردبوو، هه‌روه‌ها تۆمه‌تباره‌ به‌شکاندنی بنەماکانی سەربازیی‌و پەیڕەوی ناوخۆی هەسەدەو هەوڵدان بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ لەدەرەوەی چوارچێوەی بڕیارەکانی فەرماندەیی گشتیی".

له‌ئان‌و ساتى ده‌ستگیركردنى ئه‌بوخه‌وله‌دا، شه‌ڕێكى خوێناوى هه‌ڵگیرسا لەنێوان چەکدارانی سەر بەئەبو خەولە (هەندێک لەهۆزە عەرەبەکان)و هێزەکانی هەسەدە لەدێرزور کە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوامبوو.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان‌و سزاکان
ئەم دۆسیەیە تەنها لەچوارچێوەی ئەمریکا نەمایەوە؛ لەئایاری 2025دا، یەکێتیی ئەوروپا زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر ئەو گروپانەدا سەپاند (لەوانە عەمشات‌و حەمزە) بەهۆی تێوەگلانیان لەکوشتنی خەڵکی سڤیل‌و ئەشکەنجەدان، بەتایبەت لەناوچەکانی کەناراوەکانی سوریا.

ئەم بەڵگەیە جارێکی دیكه‌ ئەوە دەسەلمێنێت کە خاکی سوریا بوەتە گۆڕەپانی ململانێی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە تێیدا هەندێکجار تیرۆریست‌و هاوپەیمان تەنها یەک هەنگاو لەیەکترەوە دورن‌و تەنها قوربانیی ئەم یارییە سیاسییەش خەڵکی سڤیل‌و سەقامگیریی ناوچەکەیە.

بەپەلە