باڵیۆزی ئەمریکا لە تەلئەبیب: ئیسرائیل مافی خۆیەتی دەست بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بگرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 429 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
لێدوانەکانی مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تاکەر کارلسۆن، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەوپێیەی هاکابی ئاماژەی بەوە کردووە کە "کارێکی گونجاوە" ئەگەر ئیسرائیل دەست بەسەر تەواوی خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێکدانەوە تەوراتییەکانی ڕەوتی نەتەوەیی مەسیحی لە ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیان، کارلسۆن لە گفتوگۆکەدا باسی لە دەقێکی "پەیمانی کۆن" کردووە کە بەڵێنی خودایە بۆ ئیبراهیم سەبارەت بە ناوچەیەک لە دۆڵی میسرەوە تاوەکو ڕووباری فورات، کە ناوچەگەلێکی فراوان لە ئوردن، سووریا، لوبنان، سعودیە و عێراق دەگرێتەوە. 

هاکابی هەرچەندە کەمێک گومانی لە وردەکارییە جوگرافییەکە هەبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە زەوییەکی زۆرە و "خودا بەو گەلەی بەخشیوە کە هەڵیبژاردوون"، و وتیشی ئەگەر هەموو ئەو خاکە وەربگرن، کارێکی پەسەندە.

چاودێران دەڵێن، ئەم ڕووداوە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی بەریەککەوتنی گوتاری ئایینی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئیسرائیل، هەروەها تیشک دەخاتە سەر دابەشبوونەکانی ناو خودی باڵی ڕاستڕەوی ئەمریکا سەبارەت بە سروشت و سنووری ئەو پشتیوانییەی کە پێشکەشی تەلئەبیب دەکرێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی