جیهان له‌ئاست كۆبانێدا بێده‌نگه‌.. کارەساتێکی گەورە لەڕێگەیە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3546 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆبانێ، ئەوشارەی بەسیمبولی بەرخودان دژی تیرۆر ناسراوه‌، ئێستا لەبەردەم جەنگێکی بێدەنگدایە؛ ئه‌ویش جەنگی برسێتیی، زیاتر لەمانگێکە گەمارۆیەکی توند قوڕگی شارەکەی گرتوەو نانی وشکی کردوەتە خەونێکی دەستنەکەوتوو، لەکاتێکدا هەزاران ئاوارەی نوێ، بێئومێدانە چاوەڕێی تیکەیەک نانن بۆ منداڵەکانیان.



ماوەی زیاتر لەمانگێکە شاری کۆبانێ‌و گوندەکانی دەوروبەری ڕوبەڕوی گەمارۆیەکی توند بونەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی دیمەشقەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەمەش سەرەڕای هەبونی ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیەو ناردنی هاوکارییەکان.

نانی وشک‌و بازاڕی چۆڵ
بەهۆی ڕێگریکردن لەچونە ناوەوەی ئاردو سوتەمەنی، قەیرانی نان لەشارەکە گەیشتوەتە لوتکە، ئێستا تەنها "فڕنی ئۆتۆماتیکی"ی شارەکە کاردەکات‌و بوەتە تاقە هیوای خەڵک بۆ پەیداکردنی نان، بەڵام ئەویش بەهۆی کەمیی پێداویستییەکانەوە ناتوانێت وەک پێویست وەڵامی داخوازییەکان بداتەوە.



کۆبانێ؛ پەناگەی ئاوارەکان‌و قورسایی سەرشانی کرێکاران
سەرپەرشتیاری فڕنی ناوەندیی کۆبانێ لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕەققە، تەبقه‌و گوندەواری باشوری کۆبانێ، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە ڕویان لەناوەندی شارەکە کردوە، ئەمەش وایکردوە، فشارێکی زۆر بکەوێتەسەر بەرهەمهێنان، کە ڕۆژانە نزیکەی 40 هەزار کیسی نان بەرهەمدەهێنرێت بۆ ئەوەی بژێوی خەڵک دابینبکرێت.



کرێکارانی فڕنەکە باس لەوەدەکەن، 24 کاتژمێر به‌بێ وەستان کاردەکەن‌و لەژێر مەترسیی هێرش‌و فشاری زۆری کاردا ورەی خۆیان نەدۆڕاندوە، بەڵام جەختدەکەنەوە، بەبێ دابینکردنی ئاردو سوتەمەنی، کارەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامنابێت.

هاواری هانا: مەترسیی کارەساتێکی گەورە
لایەنە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە هۆشداریدەدەن کە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت، کۆبانێ ڕوبەڕوی کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە، داواش لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەن بەزوترینکات دەستوەردان بکەن بۆ شکاندنی گەمارۆکەو گەیاندنی پێداویستییە سەرەکییەکان بەهاوڵاتیانی مەدەنی.



بەکارهێنانی گورزه‌ نانێكى خەڵک وەک کارتی فشار لەکێبڕکێ سیاسییەکاندا، کۆبانێی خستوەتە لێواری مەترسییەوە، ئەگەر گەمارۆکەی دیمەشق بەردەوامبێت‌و بێدەنگیی نێودەوڵەتی نەشکێت، ڕەنگە لەڕۆژانی داهاتودا دوکەڵی فڕنەکان بکوژێنەوەو ئەوکاتیش هاواری هاوکاریی سودێکی ئەووتۆی نابێت، چونکە کارەساتەکە ڕویداوە.

کۆبانێ کە ڕۆژێک جیهانی لەمه‌ترسییه‌كانى تیرۆر پاراست، ئێستا لەچاوەڕوانیی دەستێکی میهرەباندایە بۆ ئەوەی لەگەمارۆی برسێتی ڕزگاریی بکات، چاودێرانیش ده‌پرسن، ئایا لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕێگەدەدەن شارێک کە بوو بەسیمبولی بەرخۆدان، بەبێدەنگی لەژێر فشاری برسێتیدا كۆمه‌ڵكوژبكرێت؟.

 

بەپەلە