شارپرێس:
سەرچاوە ئاگادارەکان بە سی بی ئێس نیوزیان ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان ئاگادار کردووەتەوە کە سوپای ئەمریکا لە ڕۆژی شەممەوە ئامادەیە هێرش لە دژی ئێران ئەنجام بدات.
ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت بۆ تۆڕەکە قسەیان کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ترەمپ تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستپێکردنی هێرشەکەوە نەداوە.
لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەناوچەکە چالاکییە سەربازییەکان زیادی کردووە پنتاگۆن دەستیکردووە بە گواستنەوەی کاتی بەشێک لە کارمەندانی وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی لە پێشبینیکردنی هەر تۆڵەسەندنەوەیەک یان هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر واشنتۆن بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکە بدات.
پێشبینی دەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی ئادار سەرجەم ئەو هێزانەی بۆ ناوچەکە دەنێردرێن، ئامادەبن. گروپی هێرشبەری کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن لە ئێستاوە لە ناوچەکەدایە، لە کاتێکدا کەشتیی جیراڵد فۆرد بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوات و لەسنوری ئیسرائیل جێگیردەبێت.