شارپرێس:
لەکاتێکدا تەمی نادیاریی بەسەر داهاتوی سەربازیی سوریادا نیشتوە، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یهپهژه) دوایین هۆشداریدەداته هەموو ئەو لایەنانەی پلانی گۆڕینی هاوکێشەکان دادەڕێژن؛ نەورۆز ئەحمەد فەرماندەی باڵای یەپەژە بەپەیامێکی بڕبڕەشکێن دهڵێت، "سەربەخۆیی ژنان هێڵی سورەو بەهیچ ڕێککەوتنێکی سیاسییو سەربازیی قابیلی سڕینەوە نییە".
نەورۆز ئەحمەد یەکێک لەدیارترین سەرکردەکانی ئەو هێزە، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئۆزگور پۆلیتیکا) ڕایگەیاند، "پاراستنی قەوارەی سەربەخۆی ژنان مافێکە بەخوێنو قوربانیی لەمەیدانەکانی جەنگدا بەدەستهاتوەو ڕێگەنادەین هیچ ڕێککەوتنێک ئەو دەستکەوتە لەناوببات".
ئاوێتەبون، نەک تواندنەوە
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەهەڵوەشاندنەوەی یەپەژە دەکەن لەچوارچێوەی سیستەمی لیوا نوێیهكاندا، نەورۆز ئەحمەد بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوەو جهختیكردهوه، "ئەو سیستمە نوێیە تەنها ئامرازێکە بۆ ڕێکخستنی زیاترو بەهێزکردنی ئامادەیی ژنان، نەک قوتدانی تایبەتمەندییەکانمان".
بەوتەی نهورۆز، "مەشقو ڕاهێنانو فەرماندەیی سەربازیی ژنان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە، چونکە ئەمە تەنها پرسێکی سەربازی نییە، بەڵکو گوزارشتە لەئیرادەی سیاسییو کۆمەڵایەتی ژنانی ناوچەکە".
تەحەدایەک بۆ دەسەڵاتی نوێ
یەکێک لەخاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکان ڕەخنەی توندی ئەو سەرکردە سەربازییەی ژنانه لەدەسەڵاتی سوریا، نەورۆز ئەحمەد دهڵێت، "نەویستنی داننان بەیهپهژه لەلایەن حکومەتی دیمهشپهوه، نیشانەی ترسە لەئازادیی ژنانو مۆدێلی دیموکراسی، داننان بەئێمەدا، واتە داننان بەئیرادەی گەلو ئازادیی ڕاستەقینە، کە دیارە هێشتا لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو هەنگاوە ئامادەنین".
پەیامێک بۆ داهاتوو
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، فەرماندەکەی یەپەژە جەختیکردەوە، مافو ناسنامەی ژنانی کوردو سوریا لەمەیدانی سەربازیدا هێڵی سورە، ئەو لێدوانانە لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەسەر چارەنوسی هێزە چەکدارەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتونەتە ئاستێکی باڵاو یەپەژە بەو هەڵوێستەی سەلماندی کە نابێتە بەشێک لەهیچ جۆرە مامەڵەیەکی سیاسیی کە پاشەکشە بەمافەکانی ژنان بکات.
ئەو ژنانەی جیهانیان لەداعش پاراست، ئێستا ڕوبەڕوی شەڕێکی دیكهى مانەوە دەبنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەسەر مێزی گفتوگۆ، نەورۆز ئەحمەد فەرماندەی یەپەژە هێڵە سورەکان دەكێشێتو هۆشداریدەداتە هەر دەسەڵاتێکی کاتیی کە بیەوێت ئیرادەی ژن بکاتە قوربانیی ڕێککەوتنە سیاسییەکان، بەوەی کە یەپەژە قەوارەیەک نییە لەناو لیواکاندا بتوێتەوە، بەڵکو قەڵایەکی سەربەخۆیەو دەستکاریکردنی قەدەغەیە.
ئهم پەیامهى یهپهژه بڕبڕەشکێنه لەدڵى گۆڕانکارییەکانەوەو جهختدهكاتهوه، یەپەژە بۆ قۆناغی نوێی سوریا ئامادەباشی ڕادەگەیەنێت، بەڵام بەمەرجی خۆی! نەورۆز ئەحمەد فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن، بەهۆشدارییەکی توندەوە وتى، "کەس لەخەیاڵی ئەوەدا نەبێت ڕۆڵی سەربەخۆی یەپەژە کۆتایی پێبهێنێت، چونکە ئازادیی ژنان لەم خاکەدا نە دەسڕێتەوەو نە پاشەکشەی لێدەکرێت".
