شارپرێس:
جیهان چاوەڕێی هەڵاتنی دوکەڵی سپییە لەهۆڵەکانی گفتوگۆی ژنێف، ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناڵەی بزوێنەری زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوی ئەمریکی داگیرکراوە، ئەو جوڵە خێرایەی واشنتۆنو وەڵامە توندەکەی تاران لەگەروی هورمز، ئاماژەن بۆ قۆناغێکی نوێ لە"سیاسەتی کێبڕکێی توند" کە تێیدا چەکو دیپلۆماسی پێکەوە قسە دەکەن.
ناردنی فڕۆکەکانی وەک F-22و F-35 کە لەپێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای سەربازی جیهانن، تەنها گۆڕینی شوێنی هێزەکان نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ تارانو دهڵێت، "بژاردەی سەربازیی هێشتا لەسەر مێزەکەیە"، ئەم پڵنگە ئاسمانیانە بۆ ئەوە هاتون کە باڵانسی هێز لەکاتی گفتوگۆکاندا بەلای واشنتۆندا بشکێننەوە.
ئێران بەداخستنی کاتیی گەروی هورمزو ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی، وەڵامی واشنتۆنی دایەوە، ئەم هەنگاوە دەریدەخات کە تاران ئامادەیە شادەمارە ئابورییەکانی جیهان (20٪ی نەوتی جیهان) بخاتە مەترسییەوە ئەگەر هەستبکات فشارە سەربازییەکان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەروەرییەکەی، ئەمەش جۆرێکە لە"بەرگریی پێشوەختە".
سەرباری ئەو هەموو دەنگەدەنگە سەربازییە، لێدوانەکانی عەباس عێراقچی وهزیرى دهرهوهى عێراق بۆنی گەشبینییان لێدێت، چاودێرانیش دهڵێن، ههندێك ئاماژه ههن دەریدەخات کە هەردولا گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی، ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی ترساندنەوە ڕێککەوتنێکی باشتر بەدەستبهێنێتو ئێرانیش دەیەوێت بیسەلمێنێت کە لەژێر گوشاردا سازشناکات، بەڵکو وەک هێزێکی ناوچەیی مامەڵە دەکات.
هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەدەچن، ئەم جوڵە سەربازییانە ئامرازی فشارن نەک دەستپێکی جەنگ، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە لەنێوان ململانێی فڕۆکەکان لەئاسمانو کەشتییەکان لەدەریا، تەنها یەک هەڵەی تێگەیشتن بهسه بۆ ئەوەی مێزی گفتوگۆکانی ژنێف بگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی شەڕێکی سەرتاسەریی.
