شارپرێس: کەنداڵ جودی
ئەمڕۆ ٢٩ بزووتنەوە و ڕێکخراو و سەندیکا و لایەنی ژنان بە ئامادەبوونی دەیان چالاکوان و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە، بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژاڤا، کورد، عەرەب، سریانی- ئاشووری، ئەرمەنی و ئەوانی دیکە، پشتڕاستی دەکەینەوە کە هەر دەستکەوتێک کە ئەمڕۆ بەرگری لێدەکەین، ڕێگە نادەین لەدەست بچێت و لەناو بچێت".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “لە مەیدانی ژنانی ئازادەوە بە تووڕەیی و بوێرییەکی زۆرەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی جیهانی ژنان (٨ی ئادار) بە گیانی خۆڕاگری نەک شکست، لە مەیدانەکانی خەباتەوە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ چڕکردنەوەی خەبات لە هەموو بوارەکاندا و فراوانکردنی ڕادەگەیەنین، ئێمە سواڵ بۆ مافەکانی خۆمان ناکەین؛ بە پێچەوانەوە ئێمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە دیموکراسیەکان بەرپرسیارێتی مێژوویی دەبینین و ئێمە داواکارییەکانمان وەک مافێکی سەرەکی دەخەینەڕوو، کە بریتین لە:
*پاراستنی ڕوون و بێ مەرجی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە سوریا بە گشتی، لە دەستووری نوێدا، بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنیان لە عەقڵیەتی پیاوسالاری و سەلەفیی کە لە مێژوودا هەوڵی دوورخستنەوەی ژنانی داوە لە پێگەی بڕیاردان.
* جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پرسانەی کە لە 30ی 1 ڕێککەوتوون لەسەری، دڵنیابوون لە تەواوبوونی پرۆسەکانی یەکگرتن و زامنکردنی بەشداری کاریگەر و سەربەخۆی ژنان لە سەرجەم دامودەزگا سەربازی و سیاسی و ئیدارییەکاندا.
* دانپێدانانی دەستووری بە سیستەمی "هاوسەرۆکایەتی" و پەسەندکردنی پشکی لانیکەم لەسەدا ٥٠ بۆ ژنان لە هەموو دەوڵەت و لە لیژنەکانی نووسینی دەستوور وەک گەرەنتی یەکسانییەکی تەواو.
* دانانی بڕگەیەکی دەستووری ڕوون کە فەرمانی ژمارە ١٣ سەبارەت بە پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی کورد پەسەند دەکات، هاوکات گەرەنتی پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا و فرەچەشنی کولتوورییان.
* دامەزراندنی لیژنەی بەشداربووی ڕاستەقینە بە نوێنەرایەتی فراوانی ژنان بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێی دیموکراسی کە مافی ژنان و هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت و سیستمێکی دیموکراسی لامەرکەزی دابمەزرێنێت.
*پاراستنی سیما و پێکهاتەی ناوازەی هێزەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و دانپێدانانی دەستووری وەک بەشێکی بنەڕەتی و دانەبڕاوی سیستمی بەرگری و ئاسایش، وەک داننان بە ڕۆڵی مێژووییان لە شکستپێهێنانی تیرۆر و پاراستنی بەها مرۆییەکان.
*پابەندبوون بە یاسای ژنان و دەستکەوتە یاسایی و مافە مەدەنییەکان کە بەدەست هاتوون بە شێوەیەکی ڕەتکردنەوەی هەر یاسایەک کە چەوساندنەوە بەردەوام بکات یان هەوڵی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان بدات.
* ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان، لێپرسینەوە لە سەرجەم ئەنجامدەرانی تاوان و پێشێلکارییە گەورەکانی دژ بە ژنان بکەن، هەروەها جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی دادپەروەری بۆ دەستەبەرکردنی قەرەبووی قوربانیان و ڕێگریکردن لە بێ سزایی.
*گەرەنتی گەڕانەوەی سەلامەت و خۆبەخشانەی سەرجەم ئاوارە ناوخۆییەکان و ئەوانەی بە زۆر دەرکراون بۆ ماڵەکانیان بە دابینکردنی گەرەنتی نێودەوڵەتی کە لە تۆڵەسەندنەوە دەیانپارێزێت و بژێوی ژیانیان مسۆگەر بکات.
*داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری و ئەزموونی پێشەنگانەی ژنان لەناویدا بناسن وەک مۆدێلێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ سوریا، گەرەنتی گواستنەوە بۆ سوریایەکی دیموکراتی و فرەیی و لامەرکەزی.
دەشڵێن، داوا لە هەموو بزووتنەوە فێمینیستەکان و هێزە دیموکراتیکەکان لە سەرانسەری جیهان دەکەین: خەباتی ئەمڕۆمان دوا هێڵی بەرگرییە بۆ بەها گشتگیرەکانی ئازادی بەرامبەر تاریکی سەلەفی و ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری. بەئامانجکردنی ژنانی سوریا چەقۆیەکە بۆ دڵی دیموکراسی جیهانی. بۆیە داواتان لێدەکەین هاوپەیمانییەکانی ژنان بەهێزتر بکەن و فشارە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی دەستووری داهاتووی سوریا بە پەراوێزخستنی نیوەی کۆمەڵگا نەنووسرێت”.
