شارپرێس:
ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕۆژئاوا ڕاپۆرتێکی لەسەر کاریگەریی هێرشەکانی ئەمدواییەی گروپەکانی سەر بەحکومەتی سوریا لەسەر منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، جهختدهكاتهوه، "مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان پێشێلکراوەو جەنگ بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئاسایشی جەستەییو دەرونی منداڵانی کردوەتە ئامانج".
ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕۆژئاوا ڕاپۆرتێکى لەسەر کاریگەریی هێرشەکانی ئەمدواییەی گروپە چهكدارهكانى سهر بهسووریا بڵاوکردەوە کە لە6ى کانونی دوەمی ئهمساڵهوه دژی منداڵان لەڕۆژئاواو باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراون.
ڕاپۆرتەکە دهڵێت، "ئەو هێرشانەی لەلایەن سوپای سوریا، گروپە چەکدارەکانیانو چەکدارە خێڵەکییەکان (بەئەندامانی پێشوی داعش)و خودى تورکیاى ئەندامی ناتۆشهوه ئەنجامدراون، بەشێوەیەکی سیستەماتیک مافە بنەڕەتییەکانی منداڵانیان بۆ ژیان، تەندروستی، خۆراک، پەناگە، یاری، پەروەردەو ئاسودەیی دەرونی پێشێلکردوە".
لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پشت بەشایەتحاڵە مەیدانییەکان، یاداشتو نمونە بەڵگەدارکراوەکان بەستراوە کە بەڕونی ئەوە دەخاتەڕوو، منداڵان قوربانیی لاوەکی یان تەنها ئازارچەشتویەکی پاسیڤی جەنگ نین، بەڵکو کارەکتەری کۆمەڵایەتین کە ڕاستەوخۆ وەک ئامرازێک بۆ ژێردەستکردنی کۆمەڵگەو کۆنترۆڵکردنی داهاتوو دەکرێنە ئامانج.
هەروەها ئامانجی ڕاپۆرتەکە تێپەڕاندنی ئەو تێڕوانینە تەسکانەیە کە جەنگ تەنها وەک پێکدادانی چەکداریی، جوڵەی بەرەکانی جەنگو ئەنجامە سەربازییەکان دەبینن، ئەو توێژینەوەیەش جەنگ وەک شێوازێکی فرەڕەهەندو سیستەماتیکی توندوتیژی دەبینێت کە لەلایەن عەقڵییەتێکی باوکسالار، دیکتاتۆرو داگیرکەرەوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە.
هاوکات جهخت لهسهر ئهوهشكراوهتهوه، "ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە ئاشکراکردنی پێشێلکارییهكانهو مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەزمونەکانی منداڵان نەک تەنها وەک کارەساتێکی مرۆیی، بەڵکو وەک هێرشێکی کۆمەڵایەتیو مێژویی، جەنگ بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئاسایشی جەستەییو دەرونی منداڵان، هەستی ئینتما، مافی خوێندنو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکاتە ئامانج".
