شارپرێس:
هەموو شتێک لەو چرکەساتەوە دەستیپێکرد کە گەریلاکانی پەکەکە سەربازێکی نەتەوەپەرستی تورکیایان بەدیلگرت؛ دەستگیرکردنی ئیبراهیم یایلالی لەساڵی 1994 تەنها کۆتایی ژیانی سەربازیی ئەو نەبوو، بەڵکو سەرەتای هەڵدانەوەی پەردەبوو لەسەر گەورەترین تاوانەکانی سوپای تورکیا دژی کورد، ئەو سەربازەی لەناو زیندانی پەکەکەدا ناسنامە ڕاستەقینەکەی خۆی دۆزییەوەو بوو بەشایەتحاڵێکی زیندوی سوتاندنی گوندەکانو ئەشکەنجەدانی مەدەنییەکان، ئێستا بڕیارێکی 120 لاپەڕەیی یۆنان دانی پێدا دەنێت کە ئەوەی یایلالی لەنزیکەوە بینیویەتی (تاوانی جەنگ) بوە.
دواى سێ دهیه لهبێدهنگیى!!
دوای سێ دەیە لەبێدەنگی، دۆسیەیەکی یاسایی لەیۆنان جارێکی دیکە پەردەی لەسەر لاپەڕە ڕەشەکانی ساڵی 1994 ههڵدایهوه، ئەوساڵەی گوندە کوردنشینەکان کرانە خۆڵەمێشو ئەشکەنجەش بوە ناسنامەی ناوچەکە، دانپێدانانەکانی سەربازێکی پێشوی سوپای تورکیا، وەزارەتی کۆچی یۆنانی ناچارکرد بۆ یەکەمجار بەفەرمی ئەو کردەوانە وەک تاوانی جەنگ بناسێنێت، بەڵام ئەم ڕاستییە تاڵە بوە هۆی تەڵەیەک بۆ خودی شایەتحاڵەکە.
وەزارەتی کۆچی یۆنان لەبڕیارێکی بهپهلهدا، سوتاندنی گوندە کوردنشینەکانو ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی لەساڵی 1994 وەک تاوانی جەنگ ناساند، بەو هۆیەشهوه داوای پەنابەریی سەربازێکی پێشوی تورکیای ڕەتکردەوە.
وەزارەتی کۆچی یۆنان لەبڕیارێکی نوێدا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی مافەکانی مرۆڤو سیاسیی دروستکردوە ڕایگەیاند، ئەو پێشێلکارییانەی سوپای تورکیا لەساڵانی نەوەدەکاندا دژی گەلی کورد ئەنجامیداون، دەچنە خانەی "تاوانی جەنگ"ەوە.
بڕیاره 120 لاپهڕهییهكهى یۆنان
ئەم هەڵوێستە فەرمییەی یۆنان لەڕێگەی بڕیارێکی 120 لاپەڕەییەوە هات، کە تێیدا داوای پەنابەریی سەربازێکی پێشوی سوپای تورکیا بەناوی (یانیس فاسیلیس یایلالی) ڕەتکرایەوە، وەزارەتی کۆچی یۆنان پێیوایە، یایلالی بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا لەناو ڕیزەکانی سوپای تورکیادا خزمەتیکردوە، بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسی دەکەوێتە ئەستۆ لەو تاوانانەی ئەنجامدراون.
چیرۆكهكه لێرهوه دهستپێدهكات
یایلالی کە لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 دۆسیەکەی لەلێکۆڵینەوەدا بوە، لەشایەتیدانەکەیدا دانی بەوەداناوە کە لەساڵی 1994دا گەواهیدەری سوتاندنی گوندە کوردنشینەکان، ئەشکەنجەدانی مەدەنییەکانو شێواندنی تەرمی شەڕڤانانهكانى بوە، هەرچەندە ناوبراو جەختیکردوەتەوە، کە تەنها "شایەتحاڵ" بوەو بەشدارینەکردوە، بەڵام دادگای یۆنان دەڵێت، "بونی لەناو سوپا لەوکاتەدا، دەیتوانێت بیکاتە هاوبەش لەتاوانەکە".
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە، بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەم سەربازەیە بۆ تورکیا، لەبڕیارەکەدا هاتوە، یایلالی دەتوانێت لەشارۆچکەی (بافرا) لەسامسۆن بژی، لەکاتێکدا هەر لەهەمان بڕیاردا دان بەوەدانراوە کە ناوبراو پێشتر لەتورکیا زیندانیکراوەو ئەشکەنجەدراوە، لەئێستاشدا 13 دۆسیەی یاسایی لەتورکیا لەسەرە، لەوانە تۆمەتی "سیخوڕیی نێودەوڵەتی"و بهو هۆیهوه فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوە.
پێشتر ناوى ئیبراهیم بوو
چیرۆکی (یانیس فاسیلیس یایلالی) تەنها چیرۆکی سەربازێک نییە؛ ئەو کە پێشتر ناوی (ئیبراهیم یایلالی) بوو، نەتەوەپەرستێکی توندی تورک بوو، بەڵام دوای ئەوەی لەساڵی 1994 لەلایەن پەکەکەوە بەدیلگیرا، لەوێدا بۆی دەرکەوت کە ڕەچەڵەکی خێزانەکەی یۆنانییە (پۆنتۆس)ه، دوای ئازادكردنى لهلایهن پهكهكهوه، بوە چالاکوانێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤو داکۆکیکار لەدۆزی کورد، ئەمەش وایکرد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک ناپاك سەیربکرێت.
چاودێران پێیانوایە، ئەم بڕیارەی یۆنان دوانەییەکی دژبەیەکە؛ لەلایەکەوە بەفەرمی تورکیا بەئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژی کورد تۆمەتباردەکات، کە ئەمە لەبەرژەوەندیی دۆزی کوردە لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ژیانی پەنابەرێکی سیاسی دەخاتە مەترسییەوە کە خۆی یەکێکبوە لەئاشکراکەرانی ئەو تاوانانە.
پشتیوانییهكان بۆ یایلالی زیاد دهكات
ئەم بڕیارە توڕەیی سیاسییو کۆمەڵگەی مەدەنی لەیۆنان بەدوای خۆیدا هێناوهو حزبەکان، سیاسەتمەدارانو چالاکانی مافی مرۆڤ داوادەکەن فەرمانی دیپۆرتکردنەوەکە ڕابگیرێتو پێداچونەوە بەدۆسیەکەیدا بکرێت، ئاماژە بەمەترسی ڕاستەقینە لهسهر ژیانى ئهو كۆنه سهربازهى توركیاو چالاكوانه دیارهكهى ئێستا دهكرێت، ههروهك یایلالی وتویهتى، "ئهمهى دژى من دهكرێت پاڵنەرێکی سیاسییه، چونكه بڕیارەکە تەنها ڕۆژێک پێش کۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی یۆنانو ئەردۆغان لەئەنكەرە لە 11ی شوباتدا دراوەو داوا لەڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤو دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی دەکات، فشاری جدى بخەنەسەر حكومهتى یۆنان بۆ ئهوهى ڕادهستى توركیا نهكرێمهوه، لهبهرئهوهى ئێستا بهڕاستى دهمهوێت بهرگریى لهمافهكانى گهلى كوردو مێژوى یۆنانى بكهم لهبهرامبهر توركیادا، بۆیه كاتێك ڕهوانهى ئهو وڵاته بكرێمهوه چارهنوسێكى ڕهش چاوهڕێم دهكات".
لەناو جەرگەی جەنگێکی چەپەڵەوە بۆ کەناری ئاشتیی
چیرۆکی یانیس فاسیلیس یایلالی، چیرۆکی گەشتێکی پڕ لەئازارە لەناو جەرگەی جەنگێکی چەپەڵەوە بۆ کەناری ئاشتیی، ئەوكات لهڕیزهكانى سوپاى توركیا ناوى ئیبراهیم بوو، وەک ئەفسەرێکی نەتەوەپەرست لەسەنگەری سوپای تورکیادا بوو، بەڵام کاتێک لەساڵی 1994دا برینداربوو، بەدیلی كهوته دهست گەریلاکانی پەکەکە، بهڵام لهئهنجامى مانهوهى لاى گهریلاو لهچیاكانى كوردستان، دیوارە ئەستورەکانی نەتەوەپەرستی لەناخیدا هەرەسیانهێنا.
كاتێك لاى پهكهكه دیل بوو، چى ڕویدا؟
كاتێك لاى پهكهكه بوو، نەک هەر ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی خۆی وەک یۆنانییەک دۆزییەوە، بەڵکو ویژدانیشی لەخەو ڕاپەڕی، ئەو پەردەی لەسەر ئەو سوتماکو ئەشکەنجانە لادا کە بەچاوی خۆی بینیبوی، گۆڕینی ناوی لەئیبراهیمەوە بۆ یانیس، تەنها گۆڕینی ناوێک نەبوو، بەڵکو کۆچێکی گهوره بوو لەبیری فاشیزمەوە بۆ ئاسۆی مرۆڤایەتی، تهنانهت لهزۆر مانگرتنیش بۆ پشتیوانى عهبدوڵڵا ئۆجهلانو دژى گۆشهگیریى ئیمراڵى بهشداریى چالاكییهكانى لهگهڵ ڕێكخراوهكان كردوهو ماوهیهكى زۆریش لهباشورى كوردستان ژیاوهو دواتر ڕویكردوهته یۆنان.
ئێستا کە یۆنان شایەتیدانەکانی ئەو وەک بەڵگەی تاوانی جەنگ كه لهدژی کورد ئهنجامدراوه بەکاردەهێنێت، یانیس وەک سیمبولێکی زیندوو دەمێنێتەوە؛ مرۆڤێک کە ئامادەبوو هەموو شتێک بدات، تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکان لەناو سوتوی گوندە کوردنشینەکاندا بەزیندویی بمێننەوە.
