شارپرێس:
پسپۆڕێکی خۆراک زانیاریی نوێو گرنگ دەربارەی تێکەڵکردنی خورماو شیر لەکاتی بەربانگدا دەخاتەڕوو، کە زۆرێک لەڕۆژوەوانان وەک نەریتێکی ئایینیو تەندروستی پەیڕەوی دەکەن.
لەکاتێکدا هەندێک هۆشداریدەدەن لەم تێکەڵەیە، دکتۆرە شەیما حەکیم، پسپۆڕی خۆراکو تەندروستیی گشتیی لەئیمارات، جەختدەکاتەوە، ئەمە نەک هەر مەترسیدارنییە، بەڵکو سودێکی زانستیی گەورەی هەیە.
بەوتەی ئەم خانمە پسپۆڕە، خورما بڕێکی باش لەمادەی "ئۆکسالاتی" تێدایە کە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبونی بەردی گورچیلە، بەڵام کاتێک لەگەڵ شیردا دەخورێت، کالسیۆمی ناو شیرەکە لەناو ڕیخۆڵەدا بەو ئۆکسالاتەوە دەلکێتو نایەڵێت بمژرێت، بەمەش ڕێگریی دەکات لەوەی ئەو مادەیە بگاتە گورچیلەو ببێتە بەرد.
ئەو دەڵێت، "لەڕاستیدا کالسیۆم وەک پارێزەرێک کاردەکاتو مەترسیی ئەوجۆرە بەردانەی گورچیلە کە 70 بۆ 80 لەسەدی جۆرەکان پێکدەهێنن، کەمدەکاتەوە".
دکتۆرە شەیما ئاماژە بەوەدەکات، ئەم نەریتە هاوکات هەم سوننەتی پێغەمبەرە (د.خ)و هەم ڕاستییەکی زانستییە، دوپاتیشیکردوهتەوە، خواردنی خورماو شیر پێکەوە بۆ زۆربەی خەڵک بێوەییو بەسودە.
لەکۆتاییدا ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاریدەکات کە دەبێت هاوسەنگیو کاتو بڕی خواردن لەبەرچاو بگیرێت، نەک بەبێ بنەمای زانستیی خۆمان لەخواردنە تەندروستەکان بێبەشبکەین.
ئێستا ڕۆژوەوانان دەتوانن بەبێ دڵەڕاوکێو بەدڵنیاییەوە لەکاتی بەربانگدا ئەم ژەمە تەقلیدییە بخۆن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
