لێدانەکانی ئەمریکا توانا موشەکییەکانی ئێرانی لاواز نەکردوەد

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 56 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە لە لایەن ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێران دوای بۆردومان کردن، بە خێرایی کۆگاکانی موشەک و دامەزراوە ژێر زەوییەکان نۆژەن دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا شوێنەکانی هەڵدانی موشەک جارێکی دیکە کار بکەنەوە.

سەرەڕای چەند هەفتەیەک لە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران هێشتا بەشێکی بەرچاو لە جبەخانە مووشەکییەکەی لە دەستدایە و بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشەکان، تاکتیکەکانی خۆی دەگونجێنێت بۆ پاراستنی تواناکانی خۆی.

لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێن کە نادڵنیایی لە کاریگەرییەکانی ئەم هێرشانەدا هەیە. بەکارهێنانی بەرفراوانی ئامانجە وەهمییەکان، لەگەڵ شاردنەوەی شوێنەکانی هەڵدانی موشەک و فڕۆکەکان لەحەشارگەکانى ژێرزەوى و ئەشکەوتەکاندا، وایکردووە کە دیاریکردنی ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو ئامانجانەی کە لەناوچوون، قورس بێت.

لە کاتێکدا واشنتۆن پێشکەوتنی بەرچاوی ڕاگەیاندووە، دەزگا هەواڵگرییەکان نەیانتوانیوە خەمڵاندنێکی متمانەپێکراو بۆ ژمارەی ئەو شوێنانەی کە ماونەتەوە بۆ هەڵدانی فڕۆکەکە پێشکەش بکەن.

هەرچەندە ئاستى هەڵدانی مووشەکەکانی ئێران کەمیکردووە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەمە ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەکی حیسابکراوتر و سنووردارترە نەک داڕمانی تواناکان.

پێدەچێت ئێران بە پاراستنی شوێنی هەڵدانی مووشەک و چاککردنەوەی خێرای ژێرخانی زیانلێکەوتوو توانای خۆی بۆ پاراستنی فشارەکان لە درێژخایەندا بپارێزێت، ئەمەش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئەمریکا چەندە نزیکە لە گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەی کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکی ئێران.