پێش کۆتایی مۆڵەتەکەی ئەمریکا، شیعه‌كان کۆبونەوەکەیەکی یه‌کلاکەرەوە لەبارەی چارەنوسی کاندیدبونی مالیکی سازدەکه‌ن

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئاشکرایکرد، هێزەکانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان بۆ کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئامادەدەکەن، تا پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە، ئەم هەنگاوەش لەکاتێکدایە کە ئەمرۆ پێنجشەممە دوا مۆڵەتی ئەو نامە هۆشدارییەیە کە ئەمریکا ئاراستەی لایەنە شیعەکانی کردوە.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، واشنتۆن لەڕێگەی نامەیەکی فەرمییەوە داوایکردبوو لەماوەی 48 کاتژمێردا هەڵوێستی کۆتایی دیاریبکرێت، کە دواتر لەسەر داوای لایەنەکان پێنج ڕۆژی دیکە درێژکرایەوەو ئەمڕۆ کۆتایی دێت.

ناوەڕۆکی فشارەکان ڕاستەوخۆ دژی کاندیدکردنی نوری مالیکییەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە، هەڵوێستیان بەرامبەر مالیکی نەگۆڕەو ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیران، واشنتۆن ناچاردەبێت پێداچونەوە بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا بکات.

ئەم هەڵویستەی ئەمریکا وایکردوە، لەناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دوبەرەکیی دروستببێت، بەشێکیان داوای کشانەوەی مالیکی دەکەن بۆئەوەی ڕێگریی لەسزاکانی ئەمریکا بگرن، لەبەرامبەردا خودی مالیکی سورە لەسەر کاندیدبون‌و پێیوایە، هەر پاشەکشەیەک دەبێت بەبڕیاری فەرمی هاوپەیمانییەکە بێت.

ئەم گرژییانە لەژێر کاریگەری هەڕەشە توندەکانی دۆناڵد تڕەمپدایە کە ڕەخنەی جددی لەسیاسەتەکانی پێشووی مالیکی هەیە، کۆبونەوەی چەند کاتژمێری داهاتوو دەریدەخات کە ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی ملی بۆ فشارەکانی ئەمریکا دەدات یان ڕێگەیەکی دیکە دەگرێتەبەر.