شارپرێس:
بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بوە وێستگەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی مافە کولتورییو پەروەردەییەکانی کورد لەسوریا، ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی (هەسەدە)، هەڵوێستی خۆی لەسەر مەرسومی کۆماریی تایبەت بەناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ڕاگەیاند کە تێیدا تێکەڵەیەک لەپێشوازییو هۆشدارییش بەدیدەکرێت.
مەزڵوم عەبدی لهپهیامهكهیدا ئاماژەی بەوەکرد، ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لەسوریا دەستکەوتو هەنگاوێکی گەورەو ئەرێنییە، بهڵام نهیشاردهوه، "ئەم دانپێدانانە سەرەتایەکی یاساییە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتدا، ئەم هەنگاوە تەواوو بەس نییە بۆ وەڵامدانەوەی خواستە ڕاستەقینەکانی گەلی کورد".
خاڵی هەرە جەوهەری لەلێدوانەکانی عەبدی، بەراوردکردنی ئەو مەرسومە بوو لەگەڵ ئەو واقیعە پەروەردەییەی لەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) چەسپاوە، ئەو پێیوایە، "مەرسومەکە لەچاو ئەو ئاستەی زمانی کوردی لەڕۆژئاوا پێیگەیشتوە، بەهەنگاوێکی پاشەکشە ئەژماردەکرێت".
لهو ڕوهشهوه مهزڵوم عهبدى وتى، "لهبهرئهوهى، لەڕۆژئاوا زمانی کوردی تەنها زمانێکی نیشتمانی نییە، بەڵکو زمانی بنەڕەتیی خوێندنە، هاوكات سیستەمێکی فێربونی تەواوەتی لەقۆناغی بنەڕەتییەوە تاوەکو ئاستی زانکۆ بونیادنراوە، ههروهها لەساڵانی ڕابردودا هەزاران خوێندکار بەزمانی دایک پەروەردەکراونو گەیشتونەتە قۆناغە باڵاکانى زانكۆ".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە پەیامێکی ڕونی ئاراستەی ناوەندە بڕیاربەدەستەکان کرد کە پێویستە لەکاتی جێبەجێکردنی کردەیی ئەو مەرسومەدا، ڕەچاوی ئهوه بكرێت، سهرهتا دانپێدانان بەواقیعى ئێستاداو نابێت مەرسومەکە سیستەمی خوێندنی کوردی لەڕۆژئاوا پشتگوێبخات یان دایبپڵۆسێت، ههروهها پێویستە ئەو ئاستە زانستییەی خوێندکارانی کورد پێیگەیشتون، بکرێتە بنەما بۆ هەر ڕێککەوتن یان بڕیارێکی داهاتوو".
چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه، پهیامهكهى عهبدى، لەکاتێکدا پێشوازیی لەهەر هەنگاوێکی یاسایی دەکات بۆ ناساندنی زمانەکەی، بەڵام ئامادەش نییە دەستبەرداری ئەو سیستەمە پەروەردەییە ببێت کە بەخوێنو ماندوبونێکی زۆر لەڕۆژئاوا بونیادى ناوه.
باس لهوهشدهكهن، داواکاریی عەبدی بۆ ڕەچاوکردنی ئاستی فێربون نیشانەی ئەوەیە، هەر چارەسەرێکی سیاسیی یان یاسایی لەسوریا، دەبێت دان بەواقیعی خوێندن بەزمانی کوردیدا بنێت وەک مافێکی مسۆگەرکراو.
