کورتوڵموش: نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا له‌په‌یامێكى نوێدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی نیشتمانی بۆ هاوپەیمانی‌و دیموکراسی ئامادەکراوە، جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی خێرای خاڵەکانی ناو ڕاپۆرتەکە کردەوەو ڕایگەیاند، "نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت".


کورتوڵموش ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەوەی هاوڕایی‌و دەنگدان لەسەر ڕاپۆرتەکە لەناو کۆمیسیۆندا هاتە ئاراوە، ئێستا کاتی هەنگاوی کردەییە، لای من وایە مەرجە دەستبەجێ دوای تەواوبونی مانگی ڕەمەزان، ڕێکخستنە یاساییەکان بێنە ناو بەرنامەی کارەوە، لەتورکیدا وتەیەکی جوانمان هەیە دەڵێت: لەکارە خێرەکانتاندا پەلە بکەن".

سەرۆکی پەرلەمان جه‌ختیكرده‌وه‌، "تورکیا لەئێستادا بەربەستێکی ژیانی تێپەڕاندوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو شتێک کۆتاییهاتوە".

کورتوڵموش هۆشداریدا کە قۆناغێکی کارکردنی چڕوپڕ لەپێشەو وتی، "گەیشتن بەم هاوپەیمانییە دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام پێویستە ئەرکەکانمان جێبەجێبکەین بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ببینین".

به‌گوێره‌ى لێدوانەکانی کورتوڵموش، "چاوەڕواندەکرێت پەرلەمانی تورکیا دوای پشوەکانی جەژنی ڕەمەزان، ببێتە مەیدانی گفتوگۆیەکی گەرم لەسەر ئەو هەموارە یاساییانەی کە لەڕاپۆرتەکەدا پێشنیازکراون، ئه‌وانیش بریتین لەچاکسازیی لەبوارەکانی مافی مرۆڤ، سەروەری یاساو بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی لەوڵاتدا".