هه‌واڵگریى ئه‌مریكا مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئاشكراكرد.. تیرۆریستان گەیشتنە عێراق‌و تورکیا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4866 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەژانێکی ئەمنیی بێ پێشینەدا کە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەناوچەکە زیندوو دەکاتەوە، هەواڵگریی ئەمریکا ڕاستی ئەوکارەساتە ئەمنییەی پشتڕاستکردەوە کە لەکەمپی هۆل ڕویداوە؛ به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە نوێیەکانی هەردوو ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ‌و فاینانشاڵ تایمز، نزیکەی 20 هەزار کەس لەخێزان‌و چەکدارانی داعش، دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و دەستبەسەرداگرتنی کەمپەکە لەلایەن هێزەکانی دیمەشقەوە، لەکەمپەکە هەڵاتون‌و ئێستا وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو لەسوریاو وڵاتانی دراوسێ بڵاوەیانکردوە.


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ى ئه‌مریكى له‌ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوه‌، "دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناوچەکە کشانەوەو هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دەستیان بەسەر کەمپەکەدا گرت، کۆنترۆڵە ئەمنییەکان بەتەواوی لەدەستچون".

بەرپرسانی ئەمریکی له‌ڕێگه‌ى ڕۆژنامه‌كه‌وه‌ وتویانه‌، "لەنێوان 15 بۆ 20 هەزار کەس کە چەکدارانی داعشیشیان تێدایە، لەکەمپەکە هەڵاتون‌و ئێستا لەناوچە جیاوازەکانی سوریا بڵاوبونه‌ته‌وه‌".

هاوكات له‌سه‌ر هه‌مان پرس، ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز-یش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌رۆژنامه‌ ناوداره‌كانى ئه‌مریكاو جیهان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "هەڵاتوەکان سودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتوە کە لەنێوان گۆڕینی هێزەکاندا دروستبوە".

 زانیارییەکانى فاینانشاڵ تایمز باس له‌وه‌ده‌كات، "هەزاران دەستبەسەرکراو لەڕێگەی دروستکردنی کون لەپەرژینەکانی کەمپەکەدا هەڵاتون‌و بەشێکیان توانیویانە بەنایاسایی سنورەکانی عێراق‌و تورکیا ببڕن‌و مەترسی ئه‌وه‌ش هەیە ئەندامە مەترسیدارەکانی داعش لەناو ئەو شەپۆلەدا خۆیان حەشاردابێت".

وه‌كو هه‌ردوو ڕۆژنامه‌كه‌ باسیانكردوه‌، "تائێستا بەڕونی دیارنییە کێ ڕێگەی بۆ ئەم هەڵاتنە گەورەیە خۆشکردوە، بەڵام گومانەکان بۆ دوو ئاراستە دەچن، یه‌كێكیان بەرپرسانی حکومەتی دیمەشقن، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هەندێک سەرچاوە گومانیان هەیە کە بەئەنقەست چاویان لەئاست هەڵاتنیان نوقاندبێت، چه‌ند بۆچونێكى دیكه‌ش پێیانوایه‌، هۆزەكان هۆكار بون، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ گوماندەکرێت هەندێک لەهۆزە هاوسۆزەکانی داعش لەناوچەکەدا، هاوکاریی لۆجستییان پێشکەش بەو خێزانانە کردبێت بۆ گواستنەوەیان".

کەمپی هۆل كه‌ بەبۆمبێکی تەوقیتکراو وەسفدەکرا، ئێستا دوای تەقینەوەی بۆمبەكه‌و بڵاوبونەوەی هەزاران لایەنگری داعش، ناوچەکەو جیهان ڕوبەڕوی شەپۆلێکی نوێی توندوتیژیی‌و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شانە نوستوەکانی داعش دەبنەوە، بەتایبەت لەناوچە سنورییەکانی نێوان سوریاو عێراق.

بەپەلە