شارپرێس:
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لەعێراق دەکات و داوایان لێدەکات لەشوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و بەهیچ شێوەیەک نزیکی باڵیۆزخانە لەبەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتی لەهەولێر نەبنەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەڕاگەیەندراوێکدا داوای لەئەمریکییەکان کرد ئەوپەڕی وریایی بنوێنن.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە،"نێردەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەعێراق ئامۆژگاری هاوڵاتییانی دەکات وریاییەکی زیاتر بنوێنن، کەمتر دەربکەون و لەشوێنەکانی خۆیان بمێننەوە."
سەبارەت بەهۆکاری ئەم هۆشدارییە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەمەترسیی گروپە چەکدارەکان کردوەو دەڵێت،"ئەو گروپانەی هاوپەیمانی ئێرانن، هێشتا مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی گشتی؛ هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەبونی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەئاسمانی عێراقدا دەکەن."
باڵیۆزخانەکە هۆشداریشی داوە کە خۆپێشاندانەکان لەوانەیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بگۆڕدرێن بۆ توندوتیژی، بۆیە پێویستە هاوڵاتییانیان لەهەر جۆرە گردبونەوەو قەرەباڵخییەک دوربکەونەوە.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ناوچەی سەوزیان لەبەغدا داخستوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەڕونی داوا لەهاوڵاتییانی دەکات،"لەژێر ڕۆشنایی رێکارە ئەمنییە توندەکاندا، هەوڵ مەدەن بچنە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لەهەولێر".
نێردەی ئەمریکا لەعێراق بڕیاریداوە سەرجەم کارە کونسوڵییەکان و خزمەتگوزارییە رۆتینییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت. هاوکات سەرجەم فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ڕاسپاردوە لەشوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و هاتووچۆ نەکەن.
