نەخشە ڕێگه‌ی ئاگر.. وەسیەتنامە نهێنییەکەی خامنەیی بۆ وێرانکردنی ئابوریی جیهان

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕوانی کشانەوەی تاران بوو دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامی پلانە تۆڵەسێنەکەی ڕێبەرە كوژراوه‌كه‌ى کاراکرد؛ پلانێک کە ئامانج لێی گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ گۆڕەپانێکی فراوانی ئاگرو پەکخستنی خوێنبەرە سەرەکییەکانی وزەی جیهان بۆ چۆکدادانی واشنتۆن‌و تەلئەبیب.


ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای ناوخۆی ئێرانەوە ئاشکرایدەکات، ئەو هێرشانەی ئێستا دەکرێنەسەر دامەزراوەکانی وزە لەقەتەرو سعودیە، بەشێکن لەستراتیژییەکی وردو نەخشەبۆکێشراو کە خامنەیی‌و فەرماندە باڵاکان، پێش کوژرانیان دایانڕشتبوو.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەو پلانە کە دوای جەنگە وێرانکەرەکەی مانگی حوزەیران ئامادەکراوە، تەنانەت دوای نەمانی سەرکردە یەکەمەکانی ئێرانیش وەک کاتژمێرێک کاردەکات".

ئەنجومەنی کاتیی سەرکردایەتی ئێرانیش ڕایگەیاندوە، ئەوان پابەندن بە"یاساکانی نوێی یارییەکە"و هێڵە سورەکان بەزێندراون، بۆیە بژاردەی تاران تەنها تەقاندنەوەی بارودۆخەکەو سوتانی هەموانە.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان، جیهان ڕوبەڕوی شۆکێکی گەورە بوەوە؛ نرخی نەوت بەرزبونەوەی پێوانەیی تۆمارکردو گەروی هورمز کە شاخوێنبەری وزەی جیهانە، گەیشتوەتە حاڵەتی وەستانی تەواوەتی، ئەمەش تەنها شەڕی سەربازی نییە، بەڵکو گەمارۆدانێکی ئابوریی جیهانییە کە تاران وەک دواین کارتی فشار دژی ئەمریکا بەکاریدەهێنێت.