هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵات داوا لەخەڵک دەکات لەبنکە سەربازییەکانی ئێران دووربکەونەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 276 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەورەی کاربەدەستانی ڕژێم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی خەبات و بەردەوامیمان پێ شل ناکا، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاوپەیمانی هێزه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووه، پێویستە بە خەڵک زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانی ڕژێم و هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانیان دوور بکەونەوە."


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
هێرشەکانی ڕێژیم هەنگاوی خەبات و بەردەوامیمان پێ شل ناکا
 
خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بە مووشەک و دڕۆن بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانج گرتووە. ئەم هێرشانە شەهیدبوونی جه‌لال ڕه‌شیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی ئەم حیزبە و هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوخۆی کوردستانیش و لە چەند شارێک، بەهۆی بوڕدومانەکانەوە کۆمەڵێک کەسی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جەلال ڕەشیدی و پارتی ئازادیی کوردستان، هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەڵی‌گیرساندووە، ڕادەگەیەنێ:
هێرشەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەوەرەی کاربەدەستانی ڕێژیم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی خەبات و بەردەوامیمان پێ شل ناکا، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.
هەروەها جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە کاتێکدا ڕێژیم هێزەکانی خۆی لە مزگەوت و قوتابخانەکان مۆڵ داوە و کۆبوونەوە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ناوەندە ئیدارییەکاندا بەڕێوە دەبا، پێویستە بە زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانی ڕێژیم و هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانیان دوور بکەونەوە.
 
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
13ی ڕەشەمەی 1404